بەپێی ئەو زانیارییانەی بۆ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هاتووە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەکی بەرچاوی هێزی سەربازیی و چەکی بە درێژایی سنووری پیرانشار جێگیر کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی هانا، ئەم هێزانە لە پشت گوندەکانی کەڵکین و بەندەرە و لە بەرزاییەکانی کانیخودا و دڵاوەران جێگیر کراون. سەرچاوە ئاگادارەکان باس لە گواستنەوەی چەندین بارهەڵگر بە باری دروونی خۆکوژ و هەروەها جێگیرکردنی دەیان دروونی تر لەم ناوچەیە دەکەن.
ئەم جوڵانەوە سەربازییانە لە کاتێکدا ڕوودەدەن کە لەگەڵ توندتربوونی کێشەی سەربازی لەنێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، نیگەرانی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران لە ئەگەری چالاکی یان جوڵانەوەی حزبە کوردستانییەکانیش زیاد بووە. چڕبوونەوەی هێز و کەرستەی هێرشبەر لە نزیکی سنووری هەرێمی کوردستان، ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دەرەوەی سنوور یان هێرشی نوێ بۆ سەر بارەگاکانی حیزبە کوردستانییەکان بەهێزتر دەکات.
جێگیرکردنی بەرفراوانی کەرستەی سەربازی لە نزیک ناوچە مەدەنی و ئاواییە سنوورییەکان، جگە لە توندترکردنی کەشی ئەمنی، ژیانی دانیشتووانی مەدەنیی ناوچەکەش دەخاتە مەترسییەوە و نیگەرانییەکی جدی سەبارەت بە دووبارەبوونەوەی هێرشە مووشەکی و دروونی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان دروست کردووە.
