تیرۆرکردنی ڕێبەران و چالاکانی سیاسی کورد لە ساڵانی سەرەتای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامییەوە بووەتە پێکهاتەیەکی بەردەوامی سیاسەتی حکومەت لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کوردستاندا. کۆماری ئیسلامی جگە لە سێدارە، ئەشکەنجە، زیندان و سەرکوتی سەربازی لە نێوخۆی وڵاتدا، تۆڕێکی ڕێکخراوەی تیرۆری لە دەرەوەی وڵات بۆ نەهێشتن و تیرۆر کردنی نەیارانی سیاسی خۆی دروست کردووە، هەروەها خاکی وڵاتانی دیکەی وەک گۆڕەپانی ئۆپراسیۆنی تیرۆریستی بە سپۆنسەری دەوڵەت بە کارهێناوە.
سدیق کەمانگەر، پارێزەر و ڕێبەری حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران، یەکێک لە قوربانیانی ئەو سیاسەتە بوو. ناوبراو لە رێکەوتی ٤ی سپتەمبەری ١٩٨٩، (١٣ی خەرمانانی ١٣٦٨) لە لایەن کەسێکی نفووزی (بەکرێگیراوی ناوخۆیی) کۆماری ئیسلامی لە ئۆردوگای بەهار لە نزیک ڕانیە تیرۆر کرا. سێ ساڵ دواتر، سادق شەرەفکەندی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ فەتاح عەبدولی، هۆمایون ئەردەڵان و نووری دێهکوردی، لە ڕێکەوتی ١٧ی سپتەمبەری ساڵی ١٩٩٢ لە ڕێستۆرانتی میکۆنۆس لە بەرلین لە لایەن بریکارەکانی کۆماری ئیسلامیەوە تەقەیان لێکرا. لە بڕیارێکی مێژوویی لە ١٠ی ئاوریلی ١٩٩٧دا، دادگای میکۆنۆس بە ئاشکرا ڕۆڵی کاربەدەستانی باڵای کۆماری ئیسلامی و وەزارەتی ئیتلاعاتی ئەو حکوومەتەی لە بڕیاردان و ڕێکخستنی ئەم تیرۆرە پشتڕاست کردەوە.
لە نێو ئەو تاوانانەدا، تیرۆرکردنی دوکتور عەبدولرەحمان قاسملوو جێگایەکی تایبەتی هەیە، چونکە کۆماری ئیسلامی نەک لە بەرەکانی شەڕدا، بەڵکو بە خراپ بەکارهێنانی متمانە لە پڕۆسەی دانوستان و لە کاتی وتووێژدا کوشتوویەتی. ڕۆژی ١٣ی ژوئیەی ١٩٨٩،(٢٢ی پوشپەڕی ١٣٦٨) دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ عەبدوڵڵا قادری ئازەر و فازڵ ڕەسوڵ، لەگەڵ شاندێکی تاران لە شوقەیەک لە شەقامی لینکەبانگاسە لە ناوچەی سێی ڤیەننا کۆبوونەوە. کۆبوونەوەکە کە بە ڕواڵەت بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پرسی کورد بەڕێوەچوو، لە ڕاستیدا بۆسەیەکی پێشوەختە داڕێژراو بوو کە بە تەقەکردن و کوشتنی هەر سێ ئەندامی شاندی کورد کۆتایی هات.
محەمەد جەعفەر سەحرارودی، ئەمیر مەنسور بۆزۆرگیان ئەسڵ و مستەفا ئەجودی ئەندامی شاندی نێردراوی کۆماری ئیسلامی بوون. بەڵگەنامە فەرمییەکانی ئۆتریش نیشان دەدەن کە حکومەتی ئێران ئەرکی فەرمیی ئەوانی بۆ بەشداریکردن لەم دانوستانانە پەسەند کردبوو. بە پشتبەستن بە زانیارییە بەردەستەکان، ئەندامانی ئەم شاندە بە کەڤەری دیپلۆماسی چوونە ناو ئۆتریش و هەروەها ئەو چەکانەی کە بەکارهێنراون لە ڕێگەی خراپ بەکارهێنانی جانتای دیپلۆماسی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ ئەم وڵاتە گوازرانەوە. حکومەتی ئۆتریش تا ئێستا هەموو ئەو بەڵگەنامانەی کە پەیوەندییان بەم بەشەی دۆسیەکەوە هەیە، بڵاونەکردووەتەوە. کەڵک وەرگرتن لە ئیمکانات و ئیمتیازات و پارێزبەندی دیپلۆماسی بۆ گواستنەوەی چەک و ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی تیرۆریستی پێشێلکردنی ئاشکرای ئەو پابەندبوونانەیە کە لە کۆنوانسیۆنی ڤیەننا بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە و نموونەیەکی ڕوونە لە ئیستغلالکردنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی لە دەرەوەی وڵات.
بەڵام بەرپرسیارێتی ئەم تاوانە تەنها لە ئەستۆی تاوانباران و ئەو کەسانەدا نییە کە فەرمانیان داوە. هەروەها کارەکانی حکومەتی ئۆتریش دوای تیرۆرکردنەکە پرسیاری یاسایی و سیاسی جددی بەجێهێشت. ئەوەی ڕوویدا تەنها هەڵەیەکی ئیداری یان لاوازی لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەدا نەبوو، بەڵکو زیاتر پەسەندکردنی ڕەچاوکردنی دیپلۆماسی بوو بەسەر بەڕێوەبردنی دادپەروەریدا. بەڵگەنامە فەرمییەکان نیشان دەدەن کە سەرەڕای جیاوازی جیددی لە لێدوانەکانی ئەمیر مەنسور بۆزۆرگیان ئەسڵ، فەرمانی دەستبەسەرکردنی هەڵوەشایەوە و گەڕێنرایەوە بۆ باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی. کاتێک فەرمانی دەستگیرکردنی نوێ دەرچوو، ئیمکانی دەرچوونی لە دەستی سیستەمی دادوەری لەئارادابوو. هەروەها محەمەد جەعفەر سەحرارودی دوای خەواندنی لە نەخۆشخانە بەبێ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەر دادگایی بکرێت، ئەو وڵاتەی بەجێهێشت.
هەروەها زانیاری گرنگ له وەزارەتی دەرەوەی ئۆتریش له بارەی چالاکییەکانی شاندی ئێران و دەستێوەردانەکانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی به تەواوی بە داواکاری گشتی و دادوەری دۆسیەکە نەدرا. بەڵگەکانی بەردەست دەریدەخەن کە نیگەرانییەکان سەبارەت بە دەرئەنجامە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی پەیوەندییەکان لەگەڵ تاران، لە پابەندبوونی حکومەتی ئۆتریش بە پاراستنی مافی ژیان و سەروەری یاسا و دادگاییکردنی ئەنجامدەرانی هێرشی سێ لایەنەی تیرۆریستیدا زاڵ بووە. ئەم شکستە زەمینەی بۆ گەڕانەوەی تاوانبارانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئێران خۆش کرد، بەبێ دادگاییکردن و لێپرسینەوە.
دەرئەنجامی ئەم شکستە تەنیا داخستنی دۆسیەیەکی تاوانکاری نەبوو، بەڵکو پێکهاتن و بەهێزبوونی کولتوری بێ سزایی بۆ تیرۆرە دەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی بوو. کاتێک تاوانباران و فەرماندەکانی ئەم جۆرە تاوانانە ڕووبەڕووی هیچ وەڵامێکی تاوانکاری کاریگەر نەبنەوە، پارێزبەندییان ڕێگە خۆش دەکات بۆ دووبارەبوونەوەی ئەم نەخشەیە، ئەمەش پەیامێک دەنێرێت کە ڕەچاوکردنی سیاسی دەتوانێت بەسەر بەڕێوەبردنی دادپەروەری و لێپرسینەوەی تاوانکاریدا زاڵ بێت. لەم ڕوانگەیەوە دۆسیەی تیرۆرکردنی قاسملوو تەنها دۆسیەی کوشتن نییە، بەڵکو نموونەیەکی ڕوونە لە دەرئەنجامە وێرانکەرەکانی بێ سزایی لەسەر سەروەری یاسا و پاراستنی نێودەوڵەتی مافی ژیان.
لە ڕوانگەی یاساییەوە تێپەڕبوونی سی و حەوت ساڵ هیچ ئاستەنگێکی بۆ لێپێچینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەم تیرۆرە دروست نەکردووە. ئەم تاوانە لەسەر خاکی ئۆتریش ڕوویداوە و دادگاکانی ئەم وڵاتە دەسەڵاتی کارامەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیدا لەسەر بنەمای دەسەڵاتی دادوەری سەروەری، بەپێی مادەی ٧٥ لە یاسای تاوانەکانی ئۆتریش کوشتنی بە ئەنقەست دەتوانرێت بە زیندانی هەتاهەتایی سزا بدرێت و بە پێی مادەی ٥٧ی هەمان یاسا، پابەند نییە بە یاسای بەسەرچوونەوە و تێپەڕ بوونی کات. بۆیە دۆسیەی تیرۆرکردنی دوکتور قاسملو کەیسێکی مێژوویی داخراو نییە، بەڵکو دۆسیەیەکی کراوەیە کە سیستەمی دادوەری ئۆتریش هێشتا بەرپرسیارە لە مامەڵەکردنی کاریگەرانە لەمبارەوە.
بەو پێیەی تۆمەتباران هەرگیز لە دادگاییکردنی تاوانکاری تەواودا دادگایی نەکراون و بێتاوانیان نەسەلمێنراوە، لە ڕووی یاساییەوە باسکردن لە دووبارە دادگاییکردنەوە دەقیق نییە. بەگوێرەی یاسای دادگای تاوانەکانی ئۆتریش، دەستڕاگەیشتن بە تۆمەتباران یان دەرکەوتنی بەڵگە و زانیاری نوێ دەتوانێت ببێتە بنەمایەک بۆ درێژەدان بە لێکۆڵینەوە. بەڵگەنامەکانی دۆسیەی میکۆنۆس، بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە گواستنەوەی چەک، تۆماری سەفەر و ناسنامەگەلێک کە تۆمەتباران بەکاریان هێناوە، بەڵگەنامە حکومییە نەشاردراوەکان و ئیفادەی بەرپرسانی پێشوو هەموویان دەتوانن بنەمای بەردەوامی جددی لێکۆڵینەوە لە تیرۆرکردنی دوکتور قاسملوو پێکبهێنن.
جگە لەوەش، مادەی دووەمی ڕێککەوتننامەی ئەوروپی مافەکانی مرۆڤ، حکومەتی ئۆتریش پابەند دەکات بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ، کاریگەر، بێلایەن و ڕاستەقینە سەبارەت بە زەوتکردنی بە ئەنقەستی مافی ژیان. ئەم پابەندبوونە بە تۆمارکردنی کەیسێک بە ڕواڵەت، ئەنجامدانی چەندین لێکۆڵینەوە یان ڕێگەدان بە ڕۆشتنی تۆمەتبارەکان کۆتایی نایەت. ئەرکی حکومەت بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی کاریگەر بەردەوامە هەرکاتێک زانیاری نوێ سەبارەت بە تاوانباران، فەرماندەران، شێوازی کارکردن یان دەستێوەردانی سیاسی هاتە ئاراوە.
تیرۆری دوکتور قاسملو، سدیق کەمانگەر، سادق شەرەفکەندی و باقی رێبەران و چالاکانی کورد کۆمەڵێک ڕووداوی نەخوازراو و پەرتەوازە نەبوو. ئەم تاوانانە بەشێک بوون لە سیاسەتێکی حکومەت بۆ لەناوبردنی فیزیکی سەرکردەکانی کورد و بێدەنگکردنی داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان و درێژکردنەوەی سەرکوتی سیاسی کۆماری ئیسلامی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران. بڕیارەکەی دادگای میکۆنۆس بەشێک لەم پێکهاتە تیرۆریستییەی ئاشکرا کرد و دۆسیەی ڤیەناش دەبێ بە هەمان سەربەخۆیی و یەکلاکەرەوە و بوێری دادوەرییە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
گرنگی ئەم دۆسیەیە کاتێک دوو هێندە دەبێت کە ژمارەیەک لە گومانلێکراوان و کەسانی پەیوەست بە ئۆپەراسیۆنی تیرۆرکردنەکە، دوای گەڕانەوەیان بۆ ئێران، نەک هەر هەرگیز دادگایی نەکراون، بەڵکو لە ساڵانی دواتردا بۆ پۆستی باڵای ئەمنی، سەربازی و سیاسی لە کۆماری ئیسلامیدا ڕاسپێردراون. وەها بارودۆخێک وێنەیەکی ڕوون لە بەدامەزراوەییکردنی کولتوری پارێزبەندی و بێ سزایی بۆ تیرۆرە دەرەکییەکان لە کۆماری ئیسلامیدا دەخاتە ڕوو و پێویستی بەدواداچوونی دادوەری ئەم دۆسیەیە هێندەی تر بەرچاو دەخات.
حکومەتی ئۆتریش لە ساڵی ١٩٨٩ لە پابەندبوونی خۆی بە دەستبەسەر کردن و دادگاییکردنی ئەنجامدەرانی ئەو تیرۆرە شکستی هێنا و پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە مافی ژیانی قوربانییەکان و بەڕێوەبردنی دادپەروەری پێ باشتر بوو. ئەم شکستە مێژووییە هێشتا بەرپرسیارێتییەکی یاسایی و ئەخلاقی لەسەر شانی دامەزراوە سیاسی و دادوەرییەکانی ئەو وڵاتە بەجێهێشتووە. دادپەروەری لە دۆسیەی تیرۆرکردنی دوکتور قاسملو بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە دوا کەوتووە بەڵام لە بواری یاساییەوە کۆتایی نەهاتووە و هیچکات لە بیری خەڵکی کوردستانیش ناچێت.
