بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ڕۆژی شەممە ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٥، ئارمان فەرەجی، کوڕی عەبدوڵڵا و سوهەیلا، جووتیار و خەڵکی ئاوایی نەسارەی سەروویی سەر بە شاری دیواندەرە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هێزە ئەمنییەکان نزیکە کاتژمێر ٩ی بەیانی، لە کاتێکدا کە ئارمان فەرەجی سەرقاڵی کاری جووتیاری بووە، بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بڕیار یان بەڵگەیەکی یاسایی دەستبەسەریان کردووە.
بە پشتبەستن بنەمای زانیارییە بەردەستەکان، تاقە هۆکارێک کە بە شێوەی زارەکی بۆ ئەم کارەیان هێناوەتەوە، چالاکیی ناوبراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بووە.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی فەرمی سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، تۆمەتە پاڵدراوەکان، لایەنی دەستبەسەرکەر یان شوێنی ڕاگرتنی ئارمان فەرەجی بڵاو نەکراوەتەوە. هەروەها هیچ زانیارییەک لەسەر ئەگەری دەستڕاگەیشتنی ناوبراو بە پارێزەر، پەیوەندیگرتن بە بنەماڵەکەی یان کەڵکوەرگرتن لە مافە یاساییەکانی دیکەی لە قۆناغی دەستبەسەرکرانەکەیدا لە بەردەستدا نییە.
