ڕۆژی شەممە ٣١ی گەلاوێژی ١٤٠٥، ئاتووسا جەعفەری، ٢٧ ساڵە، خەڵکی سنە و کارمەندی بەڕێوەبەرایەتی پۆستی ئەم شارە، لە کاتی دەرچوون لە شوێنی کارەکەی و دوای سواربوونی ئۆتۆمبێلەکەی، لە پشتەوە بە چەقۆ هێرشی کراوەتە سەر و بەهۆی بەرکەوتنی چەقۆ لە دڵی، خوێنی زۆری لەدەستداوە و گیانی لەدەست دا.
ڕاپۆرتی سەرەتایی، هاوسەری پێشووی ئاتووسا جەعفەرییان بە گومانلێکراوی سەرەکیی ئەم کوشتنە ناساندووە کە گوتراوە دوای هێرشەکە هەڵاتووە. ئاتووسا چەند ساڵ لەمەوبەر لەم کەسە جیا بۆتەوە و لەگەڵ دایکی دەژیا، بەڵام بەپێی زانیارییەکان، دوای جیابوونەوەش بەردەوام ڕووبەڕووی هەڕەشە و ئازاردان بووەتەوە.
تا ئێستا هیچ زانیارییەک دەربارەی دەستبەسەرکردنی گومانلێکراو، هەبوونی سکاڵای پێشوی ئاتووسا سەبارەت بە هەڕەشەکان یان هەنگاوی دەزگا بەرپرسیارەکان بۆ پاراستنی ئەو بڵاونەکراوەتەوە.
ئەم کوشتنە تەنیا دوو ڕۆژ دوای ژنکوشتنی لەتیفە محەممەدزادە، ژنێکی ٤٩ ساڵەی خەڵکی سەقز، ڕوویداوە؛ دۆسیەیەک کە هانا پێشتر ڕاپۆڕتی دەربارەی دابوو و لەوێشدا پێشینەی توندوتیژی و هەڕەشە دوای جیابوونەوە هەبوو.
ئاتووسا جەعفەری دووەمین ژنە کە لە ماوەی سێ ڕۆژدا لە کوردستان و بەدوای پێشینەی هەڕەشە و توندوتیژی کوژراوە.
ئەم دوو کوشتنە ناتوانرێت تەنیا بۆ توندوتیژیی تاکەکەسی یان «کێشەی خێزانی» پێناسە کەم و بکرێنەوە.
نەبوونی سیستەمێکی کاریگەری یاسایی بۆ هەڵسەنگاندنی خێرای مەترسی، دەرکردنی فەرمانی پاراستن، دەستگەیشتن بە ماڵی ئەمن و دەستێوەردانی پێشگیرانەی دەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان، ژنان تەنانەت دوای دەرچوون لە پەیوەندییە توندوتیژەکانیش بێپشتیوان جێدەهێڵێت.
بۆشایی یاسایی پاراستنی ژنان ، کەسایەتیی سەربەخۆ و مافی ژنانی بۆ کۆتاییهێنان بە پەیوەندی و بەهرەمەندبوون لە ناسنامەیەکی سەربەخۆ، بە کردەوە بێ پاڵپشت کردووە و بواری بۆ نەریتی دژەژن رەخساندووە کە ژن دوای جیابوونەوەش بە ژێڕدەستەی و ویست و دەسەڵاتی پیاو دەزانێت و مافی سەربەخۆیی ژن بە کۆنترۆڵکردن، هەڕەشە و تۆڵەکردنەوە وەڵام دەداتەوە.
