١. پێشەکی
لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا نیشانی دەدەن کە لە ماوەی شەڕی دوازدە ڕۆژەی ژوئینی ٢٠٢٥ و دوای ئەوە، لەگەڵ دەستپێکردنی قۆناغی نوێی تێکهەڵچوونە سەربازییەکانی نێوان ئێران، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ٢٨ی فێبریوەری ٢٠٢٦ەوە، گوشارەکان بۆ سەر گرووپە ئایینی و مەزهەبییەکان لە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بووە.
بارودۆخی جەنگی و پەرەسەندنی دەسەڵاتی ناوەندە ئەمنییەکان، دۆخێکی دروست کردووە کە تێیدا ناسنامەی ئایینی، پەیوەندیی بنەماڵەیی لەگەڵ دەرەوەی وڵات، بەکارهێنانی میدیای ئایینی و تەنانەت هەڵگرتن و ڕاگرتنی کتێب و هێما ئایینییەکان، وەک بنەمای گومانی ئەمنی بەکاردێنرێن.
لە ماوەی ئەم قۆناغەدا، بەهاییەکان دووبارە بە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل تۆمەتبار کراون، مەسیحییە نوێیەکان بە ناونیشانی وەک «مەسیحییەتی زایۆنیستی» لێپێچینەوەی یاساییان لە سەر کراوە، هاووڵاتییانی ئایینی یەهودی بەهۆی پەیوەندییان لەگەڵ کەسوکاریان لە ئیسرائیل بانگ کراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە، و ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئایینی و هاووڵاتییانی پەیڕەوانی ئایینی سوننەش ڕووبەڕووی فشاری ئەمنی و بەدواداچوون بوونەتەوە.
خاڵی هاوبەشی ئەم ڕەفتارانە، دانانی گومانی بەکۆمەڵە، لەسەر کەسانێک تەنیا بەهۆی ناسنامەی ئایینی و مەزهەبییان، لە جیاتی پابەندبوون بە بنەمای بەرپرسیارێتیی تاکەکەسیی سزاییە.
پەسندکردنی ڕێسا و یاسا فراوانەکان لەبارەی سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتە دوژمنەکانیش ئەم دۆخەی خراپتر کردووە. لە هەندێک لەم یاسا و ڕێسایانەدا، سنووری نێوان ڕەفتاری تاوانکارانە و کارە ئاسایییەکانی وەک پەیوەندیی بنەماڵەیی یان چالاکیی میدیایی بە ڕوونی دیاری نەکراوە و هەندێک ڕەفتار دەتوانێت ببێتە هۆی سەپاندنی سزاگەلی قورس، لەوانە سزای سێدارە و زەوتکردنی سامان و دارایییەکان.
جێبەجێکردنی ئەم یاسا و ڕێسایانە لە دادگاکانی ئینقڵاب، هاوکات لەگەڵ ڕێگریکردن له دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و نەبوونی چاودێریی سەربەخۆ،کۆمەڵگە ئایینییەکان زیاتر لە کەسانی تر خستووەتە بەر مەترسیی دۆسیەسازیی ئەمنی.
پچڕان و تێکچوونی ئینتەرنێت، خۆپاراستنی ناوەندە حکوومییەکان لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی دۆسیەکان و ترسی بنەماڵەکان لە ڕاگەیاندنی زانیاری دەربارەی دۆسیەکان، ئەم بارودۆخە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی دەستڕاگەیشتن بە ئاماری تەواو و ورد لەسەر ئەم حاڵەتانە، بۆیە ئامارەکانی ئەم ڕاپۆرتە تەنیا ئەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە هانا تا کاتی بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکە توانیویەتی لێکۆڵینەوەیان لێ بکات و تۆماریان بکات.
٢. دۆخی بەهاییەکان
بەهاییەکان هێشتا لەگەڵ بەرفراوانترین شێوازی بێبەشکردنی بونیادی لەنێوان پەیڕەوانی کەمینە ئایینییەکانی ئێراندا ڕووبەڕوون. ئایینی بەهایی لە یاسای بنەڕەتیدا بە ڕەسمی نەناسراوە و پەیڕەوانی ئەم ئایینە لە بوارەکانی خوێندنی زانکۆ، دامەزراندنی حکوومی، کارکردن لە هەندێک پیشە، خاوەندارێتی، چالاکیی ئابووری و ناشتنی مردووەکانیان،بەردەوام ڕووبەڕووی پێشێلکردنی ماف و بێبەشکردن بوونەتەوە.
لە قۆناغی دوای شەڕدا، ئەم بێبەشکردنە کۆنانە لەگەڵ تۆمەتە ئەمنییە نوێیەکان تێکەڵ کراون. لێکۆڵینەوەکانی هانا نیشانی دەدەن کە دوای شەڕی ٢٠٢٥، زیاتر لە ٢٠٠ هاووڵاتیی بەهایی ڕووبەڕووی دەستبەسەرکردن، بانگکردن، گەڕانی ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوون، داخستنی شوێنی کاسبی یان دەستبەسەرداگرتنی موڵک و دارایییەکانیان بوونەتەوە.
لە کاتی گەڕانی شوێنی نیشتەجێبوونیاندا، جگە لە کتێب و کەلوپەلە ئایینییەکان، پارە، زێڕ، بەڵگە، پاسپۆرت و ئامێرەکانی کارکردنیانیش زەوت کراوە. تا کۆتاییی ژوئیەی ٢٠٢٦، لانیکەم ٥٧ بەهایی لە گرتووخانە یان زینداندا بوون.
لە ژمارەیەک لە دۆسیەکاندا، دەستبەسەرکراوەکان بۆ ماوەیەکی درێژ بەبێ زانیاریی ڕوون دەربارەی دۆخیان ڕاگیراون و لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراو و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.
هەروەها، ڕاپۆرتگەلێک دەربارەی لێدان، شۆکی کارەبایی، سێدارەی نمایشی، هەڕەشەکردن لە ئەندامانی بنەماڵە و گوشار بۆ قبووڵکردنی دانپێدانی زۆرەملێ تۆمار کراون. لە هەندێک حاڵەتدا، ئەم دانپێدانانە دواتر لەلایەن میدیای حکوومییەوە بڵاو کراونەتەوە.
هەبوونی ناوەندی جیهانیی بەهایی لە شاری حەیفا یان نیشتەجێبوونی کەسوکاری هاووڵاتییەکی بەهایی لە دەرەوەی ئێران، بە خۆی هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر پەیوەندیی ئەو کەسە بە دەوڵەتی ئیسرائیل. خستنەپاڵی ناسنامەی کۆمەڵگەیەکی ئایینی بە دەوڵەتێکی بیانی، لەگەڵ بنەمای بەرپرسیارێتیی تاکەکەسیی سزایی ناتەبایە.
٣. دۆخی مەسیحییەکان و کەنیسەکان
لە ١٢ی ژوئیەی ٢٠٢٦، مەئموورە ئەمنییەکان دوایین نیشتەجێبووانی کۆمەڵگەی کەنیسەی ئەنجیلیی «پترۆس» لە تاران لەو شوێنە دەرکرد و ڕێگرییان لە گەڕانەوەیان کرد. ئەم کەنیسەیە کە لە ساڵی ١٨٧٦دا دامەزراوە، یەکێکە لە کۆنترین کەنیسە پڕۆتێستانتەکانی ئێران.
پێش ئەوەش نزیکەی ٢٠ بنەماڵەی ئەرمەنی و ئاشووری بۆ چۆڵکردنی ماڵەکانیان کەوتبوونە ژێر گوشارەوە و نووسینگەکانی سەر بە کەنیسەکەش خراونەتە بەردەستی مەئموورەکان.
حوکمی گواستنەوەی کۆمەڵگەی کەنیسەکە بۆ «ستادی ئیجرایی فەرمانی ئیمام» لە ساڵی ١٩٩٨دا دەرچووبوو، بەڵام بەرپرسانی کەنیسەکە ساڵانێکی زۆر دواتر لە هەبوونی ئەو حوکمە ئاگادار کرانەوە. خۆپاراستنی حکوومەت لە نوێکردنەوەی تۆماری یاساییی ناوەندی کەنیسەکەش دەرفەتی ناڕەزایەتیی کاریگەری بەرانبەر بەو حوکمەی لێ زەوت کردبوون.
لە ژوئینی ٢٠٢٦، کەنیسەیەکی مێژوویی ئەنجیلی لە مەشهەدیش بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە تێک درا. ئەم هەنگاوانە لە درێژەی ڕەوتێکدان کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر لە کەنیسە پڕۆتێستانتەکان داخراون، زەوت کراون یان لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسم بە زمانی فارسی قەدەغە کراون.
سنووردارکردنی مافی مەسیحییەکان تەنیا پەیوەندی بە موڵک و ماڵی کەنیسەکانەوە نییە. لە ساڵی ٢٠٢٥دا، لانیکەم ٢٥٤ مەسیحی بەهۆی بیروباوەڕ یان چالاکیی ئایینیی خۆیان دەستبەسەر کراون، لە کاتێکدا ئاماری تۆمارکراوی ساڵی پێشتر ١٣٩ کەس بووە.
کۆی حوکمەکانی بەندکران کە لەو ساڵەدا دەرچوون گەیشتووەتە نزیکەی ٢٨٠ ساڵ و لانیکەم ١١ کەس بە سزای دە ساڵ بەندکران یان زیاتر مەحکووم کراون. تا ژوئیەی ٢٠٢٦، لانیکەم ٧٩ مەسیحی، کە زۆربەیان مەسیحییە نوێیەکان «نوکیشان» بوون، لە دەستبەسەری یان زینداندا بوون.
دوای شەڕی ٢٠٢٥، وەزارەتی ئیتلاعات دەستبەسەرکردنی ٥٣ کەسی بە ناونیشانی «تخمە فێرکراوەکان» ڕاگەیاند. لە زۆربەی ئەم دۆسیانەدا، ئینجیل، کتێبی مەسیحی، تەلەفۆنی مۆبایل، بەشداری لە کۆبوونەوەی ئایینی لە دەرەوەی وڵات یان پەیوەندی بە کەناڵە مەسیحییە فارسیزمانەکان وەک هۆکاری ئەمنی زەوت کراون یان خراونەتە ڕوو.
پێکهێنانی کەنیسەی ماڵان، بڵاوکردنەوەی پەیامی ئاشتیخوازانەی ئایین و بڵاوکردنەوەی کتێبی پیرۆزیش زۆرجار لەژێر ناونیشانە ئەمنییەکان یان بە پشتبەستن بە ماددەی ٥٠٠ی مکرەری یاسای سزادانی ئیسلامی، لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە تۆمەتبار کراون و دۆسیەی یاسایییان بۆ کراوەتەوە.
یاسای بنەڕەتی، مەسیحییە ئەرمەنی و ئاشوورییەکانی خستووەتە ڕیزی کۆمەڵگەی کەمینە ئایینییە ناسراوەکان، بەڵام ئەم ناساندنە مەسیحییە نوێیەکان ناگرێتەوە و ئازادیی پەرستن بە زمانی فارسیش بە کردەوە سنووردار کراوە.
٤. دۆخی کۆمەڵگەی یەهودییەکانی «کەلیمی»
دوای شەڕی دوازدە ڕۆژەی ٢٠٢٥، لانیکەم ٣٥ هاووڵاتیی یەهودی لە تاران و شیراز بانگ کراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە. تەوەرەی سەرەکیی لێکۆڵینەوەکان پەیوەندییان لەگەڵ کەسوکاری نیشتەجێی ئیسرائیل بووە و لە ژمارەیەک لە بانگکراوەکان داوا کراوە ئەم پەیوەندییانە سنووردار بکەن.
هەموو ئەم کەسانە دەستبەسەر نەکراون، بەڵام بەرفراوانیی بانگکردنەکان نیشانی دەدات کە پەیوەندیی بنەماڵەییش بووەتە بنەمایەک بۆ دروستکردنی گومانی ئەمنی.
لێکۆڵینەوەکانی هانا هەروەها باس لە بانگکردنی ژمارەیەک لە خاخامەکان و خزمەتکارانی ئایینی و ناردنی پەیام بۆ سنووردارکردنی پەیوەندیی دەرەکی، دەربڕینی بیروڕا دەربارەی شەڕ و کاردانەوە بەرانبەر بە بابەتە پەیوەندیدارەکان بە ئیسرائیل لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن.
لە نامەیەکدا کە لە دیسەمبەری ٢٠٢٥ لەنێو ئەندامانی کۆمەڵگەی یەهودییەکاندا بڵاو کرابووەوە، داوایان لێ کرابوو شوێنی لاپەڕە پەیوەندیدارەکان بە ئیسرائیل نەکەون و کاردانەوە و کۆمێنتەکانی پێشوویان بسڕنەوە، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی لێکەوتەی دادوەری یان ئەمنی نەبنەوە.
لە سەردەمی شەڕدا، حکوومەت ڕێوڕەسم و هەڵوێستی کەسایەتییە یەهودییەکانی لە پاڵپشتیی هێزە چەکدارەکان یان دژایەتیی ئیسرائیل بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاو کردووەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕاپۆرتگەلێک دەربارەی چاودێریکردنی پەیوەندییەکان، ناچارکردنی ئەندامانی بنەماڵەکان بۆ خوێندنەوەی دەقی پێشتر ئامادەکراو و گوشار بۆ نیشاندانی دڵسۆزیی سیاسی بە شێوەی ئاشکرا هەن.
لەگەڵ ئەوەشدا، تەنیا ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمێک یان ڕاگەیاندنی دژایەتی لەگەڵ سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل ناتوانرێت وەک هۆکاری ناچارکردن هەژمار بکرێت؛ چونکە وەها هەڵوێستانە ڕەنگە دەربڕی بیروڕای ڕاستەقینەی هاووڵاتییانی یەهودی بن.
نیگەرانیی مافی مرۆڤ ئەو کاتە دروست دەبێت کە هەڵوێستی سیاسی لەگەڵ بانگکردن، هەڕەشە، سنووردارکردنی پەیوەندی یان ناچارکردن هاوکات بێت.
کۆمەڵگەی یەهودییەکان هەروەها ڕاستەوخۆ بەهۆی هێرشە سەربازییە دەرەکییەکانەوە زیانی بەرکەوتووە. کەنیشتەی «ڕەفیعنیا» لە تاران لە ٧ی ئاوریلی ٢٠٢٦ بەهۆی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە بە تەواوی وێران بوو.
ئەگەرچی لەم هێرشەدا کەس بریندار نەبوو، بەڵام تێکدانی ئەم پەرستگایە وەبیرهێنەرەوەی پابەندبوونی هەموو لایەنە شەڕکەرەکانە بۆ جیاکردنەوەی ئامانجە سەربازییەکان لە شوێنە مەدەنییەکان و پاراستنی بینا ئایینییەکان.
٥. پەیڕەوانی ئایینی سوننی و کۆمەڵگە ئایینییەکانی دیکە
جیاکاری دژی پەیڕەوانی ئایینی سوننی لە زۆر حاڵەتدا لەگەڵ جیاکاریی نەتەوەیی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمنی لەگەڵ ناوچەکانی کوردستان و بەلووچستان تێکەڵ بووە. لە ساڵی ٢٠٢٦دا، لانیکەم ٢٤ هاووڵاتیی بەلووچ و ٢٢ هاووڵاتیی کورد لەسێدارە دراون.
ناتوانرێت هەموو ئەم لەسێدارەدانانە تەنیا بەهۆی ناسنامەی ئایینییەوە بزانرێت، بەڵام بەکارهێنانی بەرفراوانی تۆمەتە ناڕوونە ئەمنییەکان، نەبوونی دادرەسیی دادپەروەرانە و سنووردارکردنی مێژوویی لەسەر ناوەند و مامۆستایانی ئایینیی سەربەخۆی ئایینی سوننی، ئەوانی خستووەتە دۆخێکی مەترسیدارەوە.
یەکێک لە نموونە نوێیەکان، دەرکردنی حوکمی لادانی جلی ئایینی و دوورخستنەوەی «عوسمان زاکری»، ئیمامی جەماعەتی مزگەوتی گەورەی عەلیئاوادی بۆکان، بەبێ بەڕێوەچوونی دادگا بووە. بەپێی زانیارییەکان، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە بووە کە ناوبراو ئامادە نەبووە هاوکاری لەگەڵ ڕێوڕەسمی پرسەی مەبەستی حکوومەتدا بکات.
وەها ڕەفتارێک نیشاندەری دەستوەردانی ڕاستەوخۆی ناوەندە حکوومییەکانە لە سەربەخۆییی ناوەندە ئایینییەکانی سوننییەکاندا.
پەیڕەوانی ئایینی یارسان، دەروێشەکانی گونابادی، مەندایییەکان، بێخوداکان و بیروباوەڕەکانی تریش کە بە ڕەسمی نەناسراون، لە مافی تۆمارکردنی ناسنامە، خوێندن، دامەزراندن، پەرستن و پێکهێنانی ڕێکخراوی سەربەخۆدا ڕووبەڕووی سنووردارکردن بوونەتەوە. لە پڕوپاگەندە فەرمییەکاندا، هەندێک لەم کۆمەڵگەیانە وەک هۆکاری نائارامی یان هەڕەشەی ئەمنی ناسێندراون.
٦. هەڵسەنگاندنی یاسایی
بنەمای سەرەکیی پابەندبوونی ئێران، ماددەی ١٨ی میساقی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە کە ئازادیی بیر، باوەڕ و ئایین گەرەنتی دەکات. ئەم مافە هەبوونی یان هەڵبژاردنی ئایین و دەربڕینی بە شێوەی تاکەکەسی یان بەکۆمەڵ، ئاشکرا یان پەنهان، دەگرێتەوە.
بەپێی بڕگەی دووەمی ماددەی ٤ی میساق، ماددەی ١٨ تەنانەت لە دۆخی نائاساییی گشتی و لە کاتی شەڕیشدا ناگیرێتەوە و ڕا ناگیرێت. لێکدانەوەی گشتیی ژمارە ٢٢ی لێژنەی مافی مرۆڤیش ڕوونی دەکاتەوە کە ئازادیی هەبوونی ئایین، وازهێنان لە ئایین یان گۆڕینی ئایین و باوەڕ، مافێکی تاکەکەسییە و هیچ کەس نابێت لەم بوارەدا ناچار بکرێت.
سنووردارکردنی شێوازی دەربڕینی ئایین تەنیا ئەو کاتە قبووڵکراوە کە لەسەر بنەمای یاسا و بۆ پاراستنی ئیمنی، نەزم، تەندروستی یان ئەخلاقی گشتی یان مافی کەسانی تر، پێویست و گونجاو بێت.
ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕیزی ئەم هۆکارانەدا نەهاتووە؛ هەر بۆیە ناتوانرێت بە پشتبەستنی گشتی بە ئاسایشی نەتەوەیی، پەرستن، خوێندنی ئایینی، ڕاگرتنی دەقە ئایینییەکان یان پەیوەندیی ئاشتیخوازانە لەگەڵ هاوئایینەکان بە تاوان هەژمار بکرێت.
بێبەشکردنی بەهاییەکان لە خوێندنی باڵا و دامەزراندن، جیا لە ئازادیی ئایین، لەگەڵ بنەمای قەدەغەی جیاکاری لە ماددەی ٢ی میساقی نێودەوڵەتیی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان و مافی کار و خوێندن لە ماددەکانی ٦ و ١٣ی هەمان میساق دژایەتیی هەیە.
دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی، دانپێدانانی زۆرەملێ، ئەشکەنجە، بێبەشکردن لە پارێزەر، دەستدرێژی بۆ سەر حەریمی تایبەتی کەسه کان و زەوتکردنی دارایییەکانیش، بەپێی بارودۆخەکە، دەتوانن ماددەکانی ٧، ٩، ١٤ و ١٧ی میساقی مافە مەدەنی و سیاسییەکان پێشێل بکەن.
ئەگەر دەستبەسەرکردن، ئەشکەنجە، زەوتکردن و بێبەشکردنە بنەڕەتییەکان دژی کۆمەڵگەیەکی ئایینی لە چوارچێوەی هێرشێکی بەرفراوان یان ڕێکخراو دژی دانیشتووانی مەدەنی و بە ئاگاداریی ئەنجامدەران ئەنجام بدرێن، دەتوانرێت وەک ڕاوەدوونان و ئازار (Persecution) لە چوارچێوەی «تاوان دژی مرۆڤایەتی» هەڵسەنگێندرێت.
٧. ئەنجامگیری و داواکاریی هانا
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بەرانبەر بە گۆڕینی ناسنامەی ئایینی بۆ بنەمای گومانی ئەمنی و پەرەسەندنی دەستبەسەرکردن، زەوتکردن و گوشار بۆ سەر کۆمەڵگە ئایینییە کەمینەکان و مەزهەبییەکان لە بارودۆخی جەنگیدا، بە توندی نیگەرانە.
هانا جەخت لەسەر ڕاگرتنی تۆمەتبارکردن وسەرکوتی کەسه کان بەهۆی باوەڕ یان پەرستنی ئاشتیخوازانە دەکات و داوا دەکات ئەو کەسانەی تەنیا بەهۆی باوەڕ و چالاکیی ئایینیی ئاشتیخوازانەیان دەستبەسەر کراون، دەستبەجێ ئازاد بکرێن.
هەروەها هانا داوا لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات یەکسانیی هەموو کۆمەڵگە ئایینییە کەمینە و مەزهەبییەکان لە مافە بنەڕەتییەکاندا ڕەچاو بکەن و پاراستنی پەرستگا و ناوەندە ئایینییەکانی هەموو ئایینەکان دابین بکەن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
١٦ی ئۆتی ٢٠٢٦
