دەرکردنی فەتوای جیهاد دژی کوردستان و پاکتاوی نەتەوەیی بە دوایدا؛

ڕاپۆرتی یاسایی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە چل و حەوتەمین ساڵیادی هێرشی سەربازیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر شارەکانی کوردستان

١. کورتەی ڕاپۆرت

لە گەلاوێژی ١٣٥٨دا، ڕووحوڵڵا خومەینی بە دەرکردنی کۆمەڵێک فەرمانی ئایینی و حکوومی، ئەرتەش، ژاندارمری، سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی دژی شارەکانی کوردستان بەسیج کرد. ئەم فەرمانانە کە لە یادەوەریی مێژوویی خەڵکی کوردستاندا وەک «فەتوای جیهاد» دەناسرێت، زەمینەی شەرعی، سیاسی و سەربازیی هێرشێکی بەرفراوانیان فەراهەم کرد کە لەگەڵ لەسێدارەدانی کتوپڕ، دادگاییکردنی خێرا و نادادپەروەرانە، کوشتاری مەدەنییەکان، تێکدانی شار و گوندەکان، سزای بەکۆمەڵ و کۆچی زۆرەملێدا بوو.

پێداچوونەوە بە بەڵگە مێژووییەکان، ڕاپۆرتەکانی ڕۆژنامەوانی ئەو سەردەمە، شایەدیی ڕزگاربووان و بەڵگەنامەکانی مافی مرۆڤ، هۆکاری بەهێز بۆ لێکۆڵینەوە دەربارەی سڕینەوەی نەتەوەیی و ئەنجامدانی تاوان دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ دابین دەکەن. سەرەڕای تێپەڕبوونی چل و حەوت ساڵ، هیچ لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و گشتگیر دەربارەی ئەم تاوانانە، پێکهاتەی فەرماندەیی و بەرپرسیارێتیی بڕیاردەران و ئەنجامدەرانیان نەکراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لەو بڕوایەدایە کە بەڵگە بەردەستەکان لە ئاستی پێویست بۆ دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ تێپەڕیوە و بەردەوامیی بێدەنگی لە بەرانبەر ئەم دۆسیەیەدا، یارمەتیدەری بەردەوامبوونی نەبوونی لێپرسینەوە و دووبارەبوونەوەی هەمان شێوازی سەرکوت لە کوردستاندا بووە.

٢. پێشەکی

دوای جێگیربوونی کۆماری ئیسلامی، خەڵک و نوێنەرە سیاسییەکانی کوردستان خوازیاری ناساندنی مافە سیاسی و کولتوورییەکان، بەڕێوەبردنی دیموکراتیکی کاروباری ناوخۆیی، پێکهێنانی ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکان و گەرەنتیکردنی خوێندن و بەکارهێنانی زمانی کوردی بوون.

ئەم داواکارییانە، بەپێچەوانەی گێڕانەوەی فەرمیی حکوومەت، هەمووکات بە مانای جوداییخوازی نییە و بەشێکی بەرچاو لە ڕەوتە سیاسییەکانی کوردستان لە چوارچێوەی پێکهاتەیەکی دیموکراتیک و نامەرکەزی لە ئێراندا بە دوای چارەسەرێکدابوون.

بایکۆتکردنی گشتپرسیی کۆماری ئیسلامی لەلایەن بەشێکی بەرفراوانی خەڵکی کوردستان و ناکۆکی لەسەر یاسای بنەڕەتی، چڕبوونەوەی دەسەڵات و مافە نەتەوەیییەکان، بەرەبەرە لەلایەن حکوومەتەوە بۆ بابەتێکی ئەمنی گۆڕدرا.

وتووێژەکانی نێوان نوێنەرانی حکوومەت و دەستەی نوێنەرایەتیی گەلی کوردیش لە کەشێکی پڕ لە بێ‌متمانەیی، زیادبوونی ئامادەیی سەربازی و توندبوونی تێکهەڵچوونەکاندا نەگەیشتە ئەنجام. کۆماری ئیسلامی لە جیاتی وەڵامی سیاسی و یاسایی بۆ ئەم داواکارییانە، ناکۆکییەکەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی و ئایینی گۆڕی. فەتوای جیهادی گەلاوێژی ١٣٥٨ خاڵی یەکلاکەرەوەی ئەم گۆڕانە و دەسپێکی قۆناغێکی ڕێکخراو بوو لە هێرش بۆ سەر شارەکانی کوردستان.

٣. خستنەڕووی ڕووداوەکان

لە ٢٧ی گەلاوێژی ١٣٥٨دا، خومەینی فەرمانی بە فەرماندەکانی ئەرتەش، ژاندارمری و سوپا کرد کە هێزە نەیارەکان ڕاوەدوو بنێن و دەستبەسەریان بکەن، سنوورەکانی کوردستان دابخەن و دەستبەسەرکراوەکان بەپەلە ڕادەستی دادگاکان بکەن.

ڕۆژێک دواتر، ناوبراو بە خوێندنەوەی ئایەتە ئایینییەکان و بەکارهێنانی نازناوی وەک «ئەشرار»، «موفسید» و «دژەشۆڕش»، داوای ڕووبەڕووبوونەوەی توندی نەیارانی کرد. ئەم فەرمانانە لەلایەن کەسێکەوە دەرچوون کە هاوکات ڕێبەری سیاسی، مەرجەعی ئایینی و باڵاترین مەقامی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان بوو.

جێبەجێکردنی ئەم فەرمانانە دەستبەجێ لەگەڵ بەسیجکردنی هێزەکان، ئۆپەراسیۆنی سەربازی و لەسێدارەدانی بەرفراواندا بوو. لەم ڕووەوە، فەتوای جیهاد کۆمەڵەیەکی تێکەڵ بوو لە فەتوای ئایینی، حوکمی حکوومی و فەرمانی ئۆپەراسیۆنی کە بۆ هێزەکان ئیلزامی ڕێکخراوەیی و شەرعیی دروست دەکرد.

دوای دەرچوونی ئەم فەتوایە، هێزەکانی ئەرتەش، سوپای پاسداران، ژاندارمری و گرووپە چەکدارەکانی بە پاڵپشتیی زەمینی و ئاسمانی بۆ شارەکانی کوردستان نێردران. ژمارەیەک لە شار و گوندەکان کرانە ئامانجی گەمارۆ، تۆپباران، پشکنینی بەرفراوان و دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵ.

بەپێی ڕاپۆرتە مافی مرۆییەکان، لە کاتی سەرکوتی ساڵانی دواتردا، دەیان شار و گوند تێک دران و نزیکەی دە هەزار ژن، پیاو و منداڵی کورد کوژران. هاوکات، سادق خەڵخاڵی وەک حاکمی شەرع بۆ کوردستان نێردرا و دەیان کەسی بەبێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر یان دەرفەتی ڕاستەقینەی بەرگری، بە سێدارە مەحکووم کرد.
تەنیا لە ماوەی نێوان ٢٧ی ڕەزبەر تا ٦ی گەڵاڕێزان ساڵی ١٣٥٨ ،لانیکەم ٥٨ هاووڵاتیی کورد لەسێدارە دران. کوشتاری «قارنا» لە ١١ی خەرمانانی ١٣٥٨ یەکێک لە ڕوونترین نموونەکانی ئەم سیاسەتە بوو.

بەپێی بەڵگەکان، هێزە سەر بە حکوومەت چوونە نێو گوندێک کە مەیدانی شەڕ نەبوو و دەیان مەدەنییان لە کردەوەیەکی تۆڵەسێنەرانەدا کوشت. قوربانییەکان نەک لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتیی تاکەکەسی، بەڵکوو تەنیا بەهۆی کوردبوونیان و لە چوارچێوەی سزای بەکۆمەڵدا کرانە ئامانج.

٤. لێکدانەوەی یاسایی

ناونیشانی فەتوای جیهاد تەنیا گوزارشتێکی مێژوویی یان سیاسی نییە. لە هەڵسەنگاندنی یاساییدا، ناوی فەرمیی بەڵگەنامەکە گرینگ نییە؛ بەڵکوو پێگەی دەرکەری فەرمانەکە، ناوەڕۆکی فەرمانەکە، وەرگرانی فەرمانەکە و چۆنیەتیی جێبەجێکردنی گرینگن.

فەرمانەکانی گەلاوێژی ١٣٥٨ هاوکات ماهییەتی ئایینی، حکوومی و سەربازییان هەبوو و زەمینەی پێویستیان بۆ ڕەوایەتیدان بە توندوتیژی لە کوردستاندا فەراهەم کرد. بەکارهێنانی ئەدەبیاتی ئایینی و ئەمنی دژی نەیاران تەنیا لایەنی پڕوپاگەندەی نەبوو.

ناساندنی کەسەکان بە نازناوی وەک کافر، ئەشرار و موفسید، ئەندامانی کۆمەڵگەیەکی لە پاراستنی ئاسایی یاسا هێنایە دەرەوە و توندوتیژی دژی ئەوانی وەک ئەرکێکی شەرعی پاساو دا.

سڕینەوەی نەتەوەیی(Ethnic Cleansing) ناونیشانێکی سەربەخۆی تاوان نییە لە ئەساسنامەی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکاندا (ICC)، بەڵام بیرۆکەیەکی ناسراوە بۆ وەسفکردنی سیاسەتی سڕینەوەی دانیشتووانێک لە شوێنی ژیانیان لە ڕێگەی کوشتن، ترساندن، دەستبەسەرکردن و کۆچپێکردنەوە.

هێرشە هەماهەنگەکان بۆ سەر شار و گوندەکانی کوردستان، کوشتاری مەدەنییەکان و تێکدانی شوێنی نیشتەجێبوون، هۆکاری جیدی بۆ لێکۆڵینەوە لە هەبوونی وەها سیاسەتێک فەراهەم دەکەن.

ئەو کردەوانەی بۆ جێبەجێکردنی سڕینەوەی نەتەوەیی ئەنجام دەدرێن، دەتوانن لە چوارچێوەی کوشتن، ڕاوەدوونانی نەتەوەیی، گواستنەوەی زۆرەملێ، ئەشکەنجە و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێدا، ببنە تاوان دژی مرۆڤایەتی.

بۆ بەدیهاتنی ئەم ناونیشانە دەبێت بسەلمێندرێت کە ڕەفتارە قەدەغەکراوەکان بەشێک بوون لە هێرشێکی بەرفراوان یان ڕێکخراو دژی دانیشتووانی مەدەنی.

هەروەها لەو بەشانەی کە تێکهەڵچوونەکان گەیشتبوونە ئاستی ململانێی چەکداری، ماددەی ٣ی هاوبەشی کۆنڤانسیۆنەکانی ژنێف جێبەجێ دەبوو. ئێران لە ساڵی ١٣٣٦ی هەتاویەوە ئەندامی ئەم کۆنڤانسیۆنانە بووە.

لەسێدارەدانی دەستبەسەرکراوەکان، کوشتنی کەسانی دەرەوەی شەڕ (سڤیل) و هێرشی بە ئەنقەست بۆ سەر مەدەنییەکان، دەتوانن تاوانی جەنگ بن.

بەرپرسیارێتیی ئەم تاوانانە تەنیا لەسەر ئەنجامدەرە ڕاستەوخۆکان نییە، بەڵکوو ئەو کەسانەی فەرمانیان دەرکردووە، هێزەکانیان بەسیج کردووە یان بە ئاگاداری لە تاوانەکان ڕێگرییان لێ نەکردووە، بەرپرسیارن. پێگەی خومەینی وەک ڕێبەری سیاسی و فەرماندەی باڵا، لێکۆڵینەوە لە بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆ و ئامەرانەی ناوبراو زەروور دەکات.

٥. بەردەوامیی سیاسەتێکی حکومەتی

ڕووداوەکانی ساڵی ١٣٥٨ ڕووداوێکی دابڕاو لە سیاسەتەکانی دواتری کۆماری ئیسلامی نەبووە. بە ئەمنییەتی کردنی ناسنامەی کوردی، گرێدانی بە کۆمەڵی خەڵکی کوردستان بە حزبە کوردیەکان، بەکارهێنانی تۆمەتەکانی وەک موحارەبە و بەغی، دەرکردنی سزای سێدارە دوای دادگاییکردنی نادادپەروەرانە و بەکارهێنانی هێزە چەکدارەکان لە شارەکانی کوردستان لە دەیەکانی دواتردا بەردەوام بووە.

سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی و کوشتاری خۆپیشاندەران لە جوانڕۆ، مەهاباد، بۆکان و پیرانشار نیشانی دا کە هەمان پێکهاتە هێشتا داواکارییە سیاسی و یاسایییەکانی خەڵکی کوردستان وەک هەڕەشەی ئەمنی دەبینێت.

ئەمە بە تەنیا تاوانەکانی ڕابردوو ناسەلمێنێت، بەڵام نیشانی دەدات کە بێ‌سزا مانەوەی ئەنجامدەرانی تاوان لە ساڵی ١٣٥٨، زەمینەی پاراستن و دووبارەبوونەوەی هەمان شێوازەکانی سەرکوتی فەراهەم کردووە.

٦. ئەنجامگیری و داواکارییە یاساییەکانی هانا

بەڵگە بەردەستەکان هۆکاری بەهێز بۆ بڕوابوون بە ڕوودانی پێشێلکاریی بەرفراوانی مافەکانی مرۆڤ و یاسای مرۆییی نێودەوڵەتی دوای فەتوای جیهاد دژی کوردستان فەراهەم دەکەن.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوا لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ، ڕاپۆرتەری تایبەتی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران و میکانیزمە پەیوەندیدارەکانی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە پێڕاگەییشتن بە ئەم دۆسیەیە، پاراستنی بەڵگەکان و تۆمارکردنی شایەدیی ڕزگاربووان بخەنە کارنامەی خۆیانەوە.

هانا هەروەها داوا لە یەکێتیی ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپا دەکات فەتوای جیهاد و تاوانەکانی پاش ئەو وەک بەشێک لە مێژووی سەرکوتی ڕێکخراوی گەلی کورد بناسن و پاڵپشتی لە دروستکردنی میکانیزمێکی سەربەخۆی ڕاستی‌دۆزی بکەن.
حیزب و ڕەوتە ئۆپۆزسیۆنە ئێرانییەکانیش دەبێت بەبێ ناڕوونی فەتوای جیهاد و پاکتاوی نەتەوەیی پاش ئەوە شەرمەزار بکەن و مافی قوربانیان بۆ گەیشتن بە ڕاستی، دادپەروەری و قەرەبووکردنەوە لە بەرنامەکانی دادپەروەریی گوزاردا جێگیر بکەن.

دادپەروەری بە کەمکردنەوەی ئەم تاوانانە بۆ تێکهەڵچوونی حکوومەت و گرووپە چەکدارەکان بەدی نایەت.
هەنگاوی یەکەم ئەوەیە کە بە تەواوی بزانرێت چی ڕوویداوە: فەتوای جیهاد دژی کوردستان، هێرشی ڕێکخراو بۆ سەر شارەکان، کوشتار و لەسێدارەدانی مەدەنییەکان و جێبەجێکردنی سیاسەتی پاکتاوی نەتەوەیی لەژێر فەرمانی باڵاترین مەقامی کۆماری ئیسلامیدا.

دەفتەری یاسایی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٥

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین