بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، سزای سێ ساڵ و شەش مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری بۆ دۆکتۆر ناسر هیممەتی، دەروونناس، نووسەر و چالاکوانی مەدەنیی خەڵکی ئاودانانی سەر بە پارێزگای ئیلام، بە یەکلاکەرەوە و جێبەجێکراو ڕاگەیەندراوە. بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، دادوەر ڕەجەب محەممەدی بەرپرسی پێڕاگەیشتن بەم دۆسیەیە بووە.
ئەم سزادانە پەیوەندی بە دۆسیەیەکەوە هەیە کە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیلام لە پووشپەڕی ١٤٠٤دا بڕیاری لەسەر دابوو. لەم دۆسیەیەدا، دوکتۆر ناسر هیممەتی بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ چەسپاندن و پشتڕاستکردنەوەی ڕژێمی داگیرکەری قودس» بە سێ ساڵ و شەش مانگ و یەک ڕۆژ بەندکران، بە تۆمەتی «سووکایەتیکردن بە ڕێبەری» بە ١٥ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکران و پەیوەندیدار بە تۆمەتێکی تایبەت بە کەناڵێکی تێلێگرام بە شەش مانگ بەندکران سزادرابوو. لە کۆی ئەم سزایانە، سزای سێ ساڵ و شەش مانگ و یەک ڕۆژ بەندکران وەک قورسترین سزا، بە شیاوی جێبەجێکردن دیاری کرابوو.
دۆکتۆر ناسر هیممەتی پێشتریش لە بەفرانباری ١٣٩٨دا دەستبەسەر کرابوو و لە ساڵی ١٤٠٠ لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەسفەهان بە تۆمەتەکانی «سووکایەتیکردن بە ڕێبەری» و «پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات» بە بەندکران سزادرابوو. ناوبراو لە گەلاوێژی هەمان ساڵدا بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی دەستگردی ئەسفەهان و لە ڕەزبەری ١٤٠٠یشدا لە دۆسیەیەکی جیادا سزای ساڵێکی دیکە بەندکرانی بەسەردا سەپێنرا. هەروەها لە سەرماوەزی ١٤٠٣، پاش بانگهێشتکردنی بۆ دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئاودانان، دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.
