ڕاپۆرتی هانا لەسەر دۆخی سەردار سەید عەبدوڵڵایی لاوێکی تەمەن ۱۹ ساڵ و مەحکووم بە زیندان لە ورمێ

بە پێی ئەو هەواڵانەی گەشتوونەتە دەستی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سەردار سەید عەبدوڵڵایی تەمەن ۱۹ ساڵ و خەڵکی گوندی گەزگەسک سەر بە شاری پیرانشارە ناوبراو ئێستا حوکمی ۱۸ مانگ زیندانی تەعزیری لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بەسەر دەبات و تا ئێستا ۹ مانگ لە ماوەی حوکمەکەی تێپەڕاندووە.

پێشتر سەردار سەیدعەبدوڵڵایی لە ڕێکەوتی ۱۱ی خاکەلێوەی ۱۴۰۴ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشارەوە دەستبەسەر کرا و دوای ماوەیەک بۆ لێکۆڵینەوە گواسترایەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ.
ناوبراو بۆ ماوەی ۴۵ ڕۆژ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی پیرانشار و ورمێدا ڕاگیرا و پاشان گواسترایەوە بۆ بەندی سیاسیی زیندانی ورمێ.

ئەم هاووڵاتییە دوای بەسەربردنی نزیکەی شەش مانگ لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکان و زیندانی ورمێدا،لەلایەن دادگای شۆڕشی ورمێوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان حوکمی ۱۸ مانگ حەبسی تەعزیری بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی زانیارییە گەشتووەکان،سەردار سەیدعەبدوڵڵایی لە تەواوی ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە مافی ئازادکردنی کاتی و مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە هەروەها بنەماڵەکەشی ڕێگەی پێوەندیکردن و چاوپێکەوتنیان لەگەڵیدا نەبووە.
ئەم بێبەشکردنە لە ماوەی لێکۆڵینەوەکان و هەروەها لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دادگاییکردنەکەشیدا بەردەوام بووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان لە کاتی لێکۆڵینەوەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشاردا هیچ بەڵگەیەک دژی ئەم هاووڵاتییە پێشکەش نەکراوە و ئەو حوکمەی بەسەریدا سەپاوە تەنیا لەسەر بنەمای سکاڵای شاکی بووە.

سەردار سەیدعەبدوڵڵایی لە ماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا بۆ یەکەمین جار نێردراوەتە مەرەخەسی و دوای تەواوبوونی ماوەی مۆڵەتەکەی بۆ درێژەدان بە ماوەی حوکمەکەی گەڕێندراوەتەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ.

شایانی باسە،ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا خەریکی بەسەربردنی خزمەتی سەربازیی زۆرەملێدا بووە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین