دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی شیرین مەسعوودی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی مەهاباد، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون، ئێوارەی چوارشەممە ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی، «شیرین مەسعوودی»، چالاکی مەدەنیی خەڵکی مەهاباد، لە شوێنی کارەکەی خۆیدا لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە ورمێ گواستراوەتەوە.

لەسەر بنەمای زانیارییە گەیشتووەکان، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەوروبەری کاتژمێر ١٧ بە چوونە نێو هۆڵی جوانکاریی شوێنی کارەکەی ناوبراو، لە نزیک پردی «قانع»ی مەهاباد، شیرین مەسعوودییان بەبێ نواندنی حوکمی دادوەری و بە پەنابردن بۆ توندوتیژی دەستبەسەر کردووە.

بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی بۆ وەرگرتنی زانیاری دەربارەی دۆخ و پرۆسەی دۆسیەکەی تا ئێستا بێ‌ئەنجام ماوەتەوە.

شیرین مەسعوودی یەکێک لە ڕاهێنەرانی بواری جوانکاری، ئەندامی گرووپی شاخەوانیی «ڕاژان» و یەکێک لە چالاکانی ناوەندە خێرخوازییەکان لە مەهابادە.

تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی ورد دەربارەی هۆکاری دەستبەسەرکردن، ناونیشانی تۆمەت، ناوەندی دادوەریی پێڕاگەییشتکار و دۆخی دەستڕاگەیشتنی ناوبراو بە پارێزەر و بنەماڵەکەی لەبەردەستدا نییە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین