ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا نیگەرانی قووڵی لە بەرامبەر ئەو ڕاپۆرتانەی سەبارەت بە کاندیدکردنی عەبدولڕەزا مێسگەریان، فەرماندەی باڵای سوپای قودس و فەرماندەی پێشووی قەرارگای ڕەمەزانی سپای پاسداران وەک باڵوێزی پێشنیارکراوی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق بڵاوکراوەتەوە، دەردەبڕێت.
هانا هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەری دانانی فەرماندەیەکی دیکەی هەیکەلی سەربازی و ئەمنیی سوپای پاسداران بۆ سەرۆکایەتیی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی کۆماری ئیسلامی لە بەغدا، لە چوارچێوەی بەردەوامی هێرشە سنووربەزێنەکان بۆ سەر پارتە کوردییەکانی ئێران، دەکرێت مەترسیی گەورە بۆ سەر سەلامەتی ئەندامان و کادرانی ئەو حزبانە و بەتایبەتی بنەماڵەکانیان لە هەرێمی کوردستان دروست بکات.
عەبدولڕەزا مێسگەریان فەرماندەیەکی دێرین لە سوپای پاسداران و پێشینەکەی پەیوەستە بە قەرارگای ڕەمەزانەوە کە یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پاسداران لە دەرەوەی وڵات لە عێراق. ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لە مانگی پوشپەڕی ١٤٠٣، ئەوی بە فەرمی وەک فەرماندەی ئەم بارەگایە ناساند، هەروەها ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان ئاماژە بە ڕۆڵی ناوبراو دەکەن لە هەماهەنگی ئەمنی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ عێراق، بە تایبەت لە دۆسیەی پارتە کوردییەکانی ئێران کە بنکەکانیان لە هەرێمی کوردستانە. ئەم پێشینەیە لە دۆخێکدا گرنگترە کە سوپای پاسداران بە سوپای قودسیشیەوە لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپادایە.
لە ٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٦، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی کۆماری ئیسلامی لە هەولێر کۆبووەوە، کە بەپێی ڕاپۆرتی چەندین دەزگای ڕاگەیاندنی عێراق، مێسگەریان سەرۆکایەتی دەکرد. تەرکیزی دیدارەکە هاوکاری ئەمنی و ڕێککەوتنەکانی نێوان تاران و بەغدا و هەولێر بووە. بە سەرنجدان بە پێشینەی مێسگەریان لە چالاکییە ئەمنییەکاندا، هانا نیگەرانە لەوەی کە ئەگەری هەڵگرتنی پۆستێکی دیپلۆماسی فەرمی، بتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ زیادبوونی گوشاری سیاسی و ئەمنی لەلایەن کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حیزبەکانی کوردستانی ئێران و کەسانی سەر بەم حیزبانە.
ئەم نیگەرانییە بە تایبەتی بۆ بنەماڵەی پێشمەرگە و کادرە سیاسییەکان و خەڵکی مەدەنی دیکەی سەر بە حیزبە کوردییەکانی ئێران کە ساڵانێکە لە هەرێمی کوردستان دەژین دەگرێتەوە. هێرشە دووبارەکانی سوپای پاسداران بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بارەگاکانی ئەو حیزبانە، لەوانەش هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر پێگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە ناوچەی زڕگوێزەڵە و بالیسان، ئاماژەن بۆ هەڕەشە بەردەوامەکان بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکانی نیشتەجێبوونیان. هانا پێی وایە کە فراوانکردنی نفوزی ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخی ئێستادا، جگە لە مەترسی هێرشی سەربازی، دەبێتە هۆی زیادبوونی هەڕەشەکان، ڕاودوونانی سنووربەزێن، سنووردارکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و زیادبوونی نائەمنی بۆ بنەماڵەکان، بەتایبەتی ژنان و منداڵان.
لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە، ئەگەری ناساندنی مێسگەریان جارێکی دیکە نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئەمنیەتیکردنی پێکهاتەی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی کۆماری ئیسلامی و بەکارهێنانی توانا دیپلۆماسییەکان بەگوێرەی ئامانجەکانی سوپای قودس بەرجەستە دەکات. ژمارەیەک لە باڵیۆزەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەغدا پێشتر پێشینەیان لە پێکهاتەی سوپای قودسدا هەبووە. بەردەوامی ئەم ڕەوتە پرسیاری جددی لەبارەی جیاکردنەوەی ئەرکە دیپلۆماسییە شەرعییەکان لە ئەرکە ئەمنییەکان و هەواڵگرییەکان دەوروژێنێت.
بەپێی ڕێککەوتننامەی ڤیەننا بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان١٩٦١، ئەرکەکانی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان دەبێ بە ڕێگەی شەرعی و بە ڕێزگرتنی پێویست بۆ سەروەری دەوڵەتی وەرگر جێبەجێ بکرێن. بەتایبەتی مادەی ٤١ی ئەم پەیماننامەیە داوا لە بریکارە دیپلۆماسییەکان دەکات کە ڕێز لە یاساکانی دەوڵەتی وەرگر بگرن و خۆیان لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەی بپارێزن. ئەگەرچی پاشخانی سەربازی بۆ خۆی بەربەست نییە بۆ دانانی نێردەی دیپلۆماسی، بەڵام بەکارهێنانی ئیمتیازات و پارێزبەندی دیپلۆماسی بۆ گۆشەگیریکردنی نەیارانی سیاسی، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ئەمنی نایاسایی، یان ئەنجامدانی کردەوەی پێچەوانەی سەروەری دەوڵەتی وەرگر، لەگەڵ مەرجەکانی یاسای دیپلۆماسی ناکۆکە.
هەروەها پارێزبەندی دیپلۆماسی بە مانای شەرعیەتی ئەو جۆرە کارانە یان جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی دەوڵەتی ناردنی نێردە نییە.
بە سەرنجدان بە بارودۆخی هەستیاری هەرێمی کوردستان و ئاڵۆزی پەیوەندییە ئەمنییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، هانا نیگەرانی خۆی لە ئەگەری کاریگەرییەکانی ئەم دەستبەکاربوونە بۆ ئاسایشی پەنابەران و دژبەرە سیاسییەکان دەردەبڕێت. بە تایبەتی هەر فشارێکی زۆرتر بۆ گواستنەوەی زۆرەملێ یان ڕادەستکردنەوەی ئەو کەسانەی کە مەترسی ڕاودوونانی سیاسییان لەسەرە، دەتوانێت لەگەڵ گەرەنتییە دەستوورییەکانی عێراق و پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکان بۆ قەدەغەکردنی گەڕانەوەی ئەو کەسانەی کە مەترسی ئەشکەنجەدانیان لەسەرە، ناکۆک بێت.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت لەوە دەکاتەوە کە فراوانبوونی ئامادەبوونی فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکانی سوپای پاسداران لە سەرۆکایەتیی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی کۆماری ئیسلامی، بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی ئەو دامەزراوەیە لە ئۆپەراسیۆنە سنووربەزێنەکان، پێشهاتێکی نیگەرانکەر بۆ ئاسایشی نەیارانی سیاسی لە دەرەوەی ئێرانە.
مەترسییەکە لەوەدایە کە نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان لەبری ئەوەی ئەرکە ڕەوایەکانیان بەجێبهێنن، ببنە سەکۆیەک بۆ فراوانکردنی کاریگەریی ئەمنی و فشارخستنە سەر نەیاران؛ پرۆسەیەک کە دەتوانێت مەترسی نوێ بۆ سەر مافی ژیان و ئاسایشی کەسی و پاراستنی یاسایی ئەو خێزانانە دروست بکات کە ساڵانێکە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.
