ئیلام؛ بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگای مەهدی (سیکان) ڕۆشەنی بە تۆمەتەکانی «موحارەبە» و «ئەفساد فی‌ئەرز»

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی گەڵاڕێزان، دانیشتنی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەی «مەهدی (سیکان) ڕۆشەنی»، هاووڵاتیی خەڵکی مەڵەکشاھی، لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئیلام بەڕێوەچوو. ناوبراو لەم دانیشتنەدا کە بە ئامادەبوونی پارێزەرەکانی بەڕێوەچووە، تەواوی تۆمەتە ئاراستەکراوەکانی ڕەت کردووەتەوە.

مەهدی ڕۆشەنی پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٦ی بەفرانبار، لە کاتی خۆپێشاندانە جەماوەرییەکانی مەڵەکشاھیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای نزیکەی سێ مانگ بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرابوو. ناوبراو دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیلامەوە بە سێ ساڵ بەندی تەعزیری سەرکۆنە کرا، کە ئەم بڕیارە لە درێژەدا بۆ ٩ مانگ بەند کەم کرایەوە.

ئەم هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی ٢٧ی پووشپەڕ، بۆ جاری دووەم لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام ڕاگوێزرا. دوای دەستبەسەرکردنەوەی، دۆسیەیەکی نوێ لە لقی شەشەمی لێپێچینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئیلام دژی ناوبراو کرایەوە و تۆمەتەکانی «موحارەبە» و «ئەفساد فی‌ئەرز»ی خراوەتە پاڵ.

شایانی باسە کە دەستبەسەرکردنەوەی دووبارە و خستنەپاڵی تۆمەتە قورسەکان دژی مەهدی ڕۆشەنی لە کاتێکدایە کە ناوبراو پێشتریش لە پێوەندی لەگەڵ بەشداریکردنی لە خۆپێشاندانە جەماوەرییەکانی مەڵەکشاھیدا کەوتبووە ژێر ڕاوەدوونانی دادوەری و بڕیاری بەندکرانی بەسەردا سەپێنرابوو

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین