ڕاپۆرتی هانا لە سەر گیانلەدەستدانی ١٢ کرێکاری نەوت و گازی دێلوڕان؛ بەرپرسیارێتی حکومەت بەرامبەر پاراستی گیانی کرێکاران

بەپێی ڕاپۆرتە پشتڕاستکراوەکان،ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ نزیک کاتژمێر ١٩:٢٤،پاسێکی هەڵگری کارکەرانی پڕۆژەی نەوت و گازی NGL ٣١٠٠ی دێلوڕان لە ڕێگای دەشت عەباس بەرەو مۆرمۆری،سەر بە پارێزگای ئیلام،وەرگەڕا. ئەم ڕووداوە تا ئێستا گیان لەدەستدانی ١٢ کەس و برینداربوونی ١٨ کەسی لێکەوتووەتەوە. بەپێی ڕاگەیاندنی بەرپرسانی تەندروستی،١٦ کەس لە بریندارەکان هێشتا لە نەخۆشخانە خەوێندراون. هۆکاری سەرەکیی ڕووداوەکە هێشتا ڕوون نەبووەتەوە و لێکۆڵینەوە لەم بارەیەوە خراوەتە بەرنامەی کاری دەزگا دادوەرییەکانەوە.

ناوی ١٢ قوربانییەکەی ڕووداوەکە کە لەلایەن ڕێکخراوی فریاکەوتنەوە ڕاگەیەندراوە، بریتین لە: ڕوحوڵڵا عەلیجانی،بەهرام تەهماسبی، سەجاد نەسروڵڵاهی،لوتفوڵڵا مورادی، فەریبورز هادیزادە،ئەمین محەمەدوەلی، ئەحمەد تەقیزادە،موسا ڕەحیمی،محەمەد ڕەحیمی،سەعید غوڵامی،ئەیوب حەسەنوەند و محەمەدڕەزا محەمەدی.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت لەوە دەکاتەوە کە پاراستنی گیانی کرێکاران تەنها بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی نییە،بەڵکوو پابەندبوونێکی یاسایی و نێودەوڵەتییە.بەپێی ماددەی ٤ی ڕێککەوتننامەی ژمارە ١٥٥ی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کار سەبارەت بە سڵامەتی و تەندروستی پیشەیی، دەوڵەتەکان پابەندن بە گرتنەبەری سیاسەتی کاریگەر بۆ ڕێگریکردن لە ڕووداوەکانی پەیوەست بە کارەوە. هەروەها،بڕگەی (د) لە ماددەی یەکی پڕۆتۆکۆلی پاشکۆی ساڵی ٢٠٠٢ی ئەم ڕێککەوتننامەیە،ڕووداوەکانی ڕێگای هاتوچۆی کرێکارانی بە فەرمی ناساندووە و ماددەکانی ٢ تا ٤ی ئەو پڕۆتۆکۆلە میکانیزمەکانی تۆمارکردن و ڕاپۆرتدانی ئەم جۆرە ڕووداوانەیان دیاری کردووە.ئێران هەردوو بەڵگەنامەکەی لە ساڵی ٢٠٢٣دا پەسەند کردووە.

لە یاسای ناوخۆییشدا ماددەی ٦٠ی یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی،ئەو ڕووداوانەی لە ڕێگای ئاسایی هاتوچۆی بیمەکراوان لە نێوان ماڵ و شوێنی کاردا ڕوودەدەن،بە ڕووداوی ناشی لە کار هەژمار دەکات.هەروەها،ماددەکانی ٨٥، ٩١ و ٩٥ی یاسای کار،بنەما پابەندکەرەکانی پاراستنی تەکنیکی و بەرپرسیارێتیی خاوەنکارەکانیان دیاری کردووە.لەم ڕوانگەیەوە،پشکنینی دۆخی تەکنیکیی پاسەکە،سەلامەتیی ڕێگاکە، بارودۆخی شۆفێرەکە،پابەندبوونەکانی بەڵێندەری گواستنەوە و چاودێریی دەزگا بەرپرسەکان پێویستییەکی یاساییە.لە ئەگەری سەلماندنی سەرپێچی و پەیوەندیی هۆکاری، دەبێت لێپرسینەوە لە بەرپرسیارێتیی یاسایی یان سزایی کەسانی پەیوەندیداریش بکرێت.

ئەم کارەساتە لە بەشێکی کوردستاندا ڕوویداوە کە بوونی سەرچاوە زەبەلاحەکانی نەوت و گاز تێیدا،لەگەڵ پرسیاری جیددی سەبارەت بە پشکی خەڵکی ناوچەکە لە گەشەپێدان،ژێرخانی سەلامەت و دادپەروەری لە دابەشکردنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکاندا هاوڕایە. ناکرێت سامانی سروشتیی ناوچەیەک بخرێتە خزمەتی ئابووری ناوەندگەرای وڵاتەوە،بەڵام ئەمنییەتی ڕێگاکان،گیانی کرێکاران و مافە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی هەمان ناوچە پەراوێز بخرێن. بەکارهێنانی سەرچاوە سروشتییەکان بەبێ دەستەبەرکردنی گونجاوی ماف و پشتیوانی،بەرهەمهێنانەوەی پەیوەندییە نایەکسانەکانە کە تێیدا بەرژەوەندییە ئابوورییەکان دەگوازرێنەوە بۆ ناوەند، بەڵام تێچووە مرۆییەکان لەسەر شانی خەڵکی ناوچەکە دەمێننەوە.

هانا داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و شەفاف،دیاریکردنی بەرپرسیارێتی ئەگەریی خاوەنکاران و دەزگا حکومییەکان،دەستەبەرکردنی مافەکانی بیمە و قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی بنەماڵەی قوربانیان و گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلە بۆ سڵامەتی خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوەی کرێکاران دەکات.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی قووڵی خۆی، سەرەخۆشی و هاوخەمیی دڵسۆزانە ئاراستەی بنەماڵەی قوربانیان و خەڵکی خەمباری ئاودانان، مۆرمۆری و دێهلوڕان دەکات و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازێت.نابێت گیانی کرێکارانی کوردستان ببێتە نرخی بەکارهێنانی سامانی خاکێک کە خەڵکەکەی هێشتا داوای سەرەتاییترین ماف و ستانداردەکانی سڵامەتی دەکەن.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین