دەستبەسەرکردنی سەباح بێوارە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە پیرانشار

​ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا زانیویەتی کە ئێوارەی پێنجشەممە ٢٤ی بانەمەڕی ١٤٠٥، هاووڵاتییەک بە ناوی “سەباح بێوارە”، خەڵکی گوندی (کەلەکین) سەر بە شارستانی پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

​بەپێی زانیارییە دەستکەوتووەکان، هێزە ئەمنییەکان بێ نیشاندانی چەشنە بڕیارێکی دادوەری، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە و بە پەنابردن بۆ توندوتیژی دەستبەسەریان کردووە.

​تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، تۆمەتە ئەگەرییەکان، لایەنی دەستبەسەرکەر و شوێنی ڕاگرتنی لەبەردەستدا نییە.

​بێئاگابوون لە شوێنی ڕاگرتنی کەسی دەستبەسەرکراو و نەبوونی دەستڕاگەیشتنی بە بنەماڵە و پارێزەرەکەی، دەکرێت ببێتە نموونەی پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی تۆمەتبار، لەوانە مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و مافی ئاگاداربوونی بنەماڵە لە دۆخی کەسی دەستبەسەرکراو.

​ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە دۆخی سەباح بێوارە، داواکاری ڕاگەیاندنی دەستبەجێی شوێنی ڕاگرتن، هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، گەرەنتییکردنی دەستڕاگەیشتنی بە پارێزەر و بنەماڵەکەی، و ڕەچاوکردنی تەواوی مافە یاساییەکانیەتی لە هەموو قۆناغەکانی دەستبەسەرکردن و بەدواداچووندا.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین