فرۆزان ئیسلامی، مامۆستای زمانی ئینگلیزی لەلایەن هێزە حکوومییەکانەوە له شاری ورمێ دەستبەسەر کرا

ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی بانەمەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی (١٣ی مەی ٢٠٢٦)، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ورمێ بە ناوی «فرۆزان ئیسلامی»، مامۆستای زمانی ئینگلیزی و بەرپرسی ئاکادیمیای زمانی «نەوجەوان»، لەلایەن هێزە حکوومییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان، دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە بەبێ نواندنی هیچ جۆرە حوکمێکی دادوەری ئەنجام دراوە. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، تۆمەتە ئەگەرییەکان، ناوەندی دەستبەسەرکەر و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.
بێدەنگبوونی ناوەندە ئەمنییەکان لە ئاست چارەنووسی فرۆزان ئیسلامی و بێبەشکردنی لە چاوپێکەوتنی بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، دەکرێت وەک پێشێلکردنی ئاشکرای مافە بنەڕەتییەکانی تۆمەتبار هەژمار بکرێت، لەوانەش مافی دادرەسیی دادپەروەرانە، مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و مافی ئاگادارکردنەوەی بنەماڵە لە دۆخی کەسی دەستبەسەرکراو.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی بەرانبەر بە دۆخی فرۆزان ئیسلامی، داوای ڕاگەیاندنی دەستبەجێی شوێنی ڕاگرتن، هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و دابینکردنی مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و بنەماڵە بۆ ناوبراو دەکات و جەخت لەسەر ڕەچاوکردنی تەواوی مافە یاسایییەکانی لە هەموو قۆناغەکانی دەستبەسەری و لێکۆڵینەوەدا دەکاتەوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین