بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئێوارەی سێشەممە ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥، ئاکۆ ساڵحی، خەڵکی گوندی خۆریاوە سەر بە شاری بانە، لە سنووری سەێرانبەند بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنووریەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بریندار بووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزە سنووریەکان بەبێ ئاگادرکردنەوە بەبێ ڕەچاوکردنی ڕێوشوێنی یاسایی بەکارهێنانی چەک ، تەقەیان لەو کاسبکارە کردووە. لە ئەنجامی ئەم تەقەکردنەدا، دەستی ئاکۆ ساڵحی بە قورسی بریندار بووە و بۆ چارەسەر بۆ نەخۆشخانەکانی تەورێز گواستراوەتەوە.
ئاکۆ ساڵحی، کوڕی کەماڵ، هاوسەردار و باوکی دوو منداڵە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئەم کردەوەیە بە نموونەیەکی ئاشکرای بەکارهێنانی سەرەڕۆیانەی چەک دژی هاووڵاتیانی مەدەنی دەزانێت. بەکارهێنانی چەکی جەنگی دژی کاسبکاران و کۆڵبەران، لە کاتێکیدا هیچ پێویستییەکی بەپەلە نییە و بەبێ ڕەچاوکردنی بنەماکانی ئاگادارکردنەوەی گونجاو و پێویست، تەنانەت لەگەڵ یاسا سنووردارانەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ بۆ بەکارهێنانی چەک یەک ناگڕیتەوە. ئەم ڕەفتارە پێشێلکردنێکی گەورەی مافی ژیان، مافی ئەمنیەتی تاکەسی و کەرامەتی مرۆیی هاووڵاتیانی کوردە.
هانا بە توندی ئەم کردارە مەحکووم دەکات و جەخت دەکاتەوە کە بەردەوامبوونی تەقەی ڕاستەوخۆ لە کاسبکاران و کۆڵبەران لە کوردستان، تەنیا ڕووداوێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو بەشێکە لە مۆدێلێکی بەردەوامی سەرکوتکردن، هەڵاواردن و نەبوونی سزای بکەرانی لە ناوچەکانی کوردستان؛ مۆدێلێک کە هەموو ساڵێک دەبێتە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان هاووڵاتیی کورد و ئەنجامدەرانی ئەم کردارانەش بە شێوەیەکی کرداریی لە هەر جۆرە لێپرسینەوە و بەرپرسیارێتییەکی کاریگەر پارێزراون.
