ئازادکردنی ئەمیر یووسفی بە دانانی بارمتە دوای ٢١ ڕۆژ دەستبەسەرکران

​ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا زانیویەتی کە ڕۆژی سێشەممە ١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٥، «ئەمیر یووسفی» هاووڵاتیی خەڵکی گوندی سەلامەت سەر بە شارستانی بۆکان، دوای ٢١ ڕۆژ دەستبەسەرکران، بە دانانی بارمتەیەک بە بڕی ٣ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن تمەن بە شێوەی کاتی لە دەستبەسەرگە ئازاد کراوە.

​ئەمیر یووسفی، خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە.

​بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بەڕیز یووسفی ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی بانەمەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارستانی بۆکان دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو دوای یەک ڕۆژ ڕاگرتنی لە دەستبەسەرگەی بۆکان، بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکان لە ورمێ گوازرابووەوە.

​بەپێی زانیارییەکان، ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ١١ی جۆزەردانی ١٤٠٥ لە دەستبەسەرگەی ئەمنیی ورمێوە بۆ دەستبەسەرگەی بۆکان گوازراوەتەوە و سەرەنجام یەک ڕۆژ دواتر بە بڕیاری بارمتە ئازاد کراوە.

​شایانی باسە، تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی ئەم هاووڵاتییە کراون لەبەردەستدا نییە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین