بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەستی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەشتوون، فەرمانگەی ئاو و ئاوەڕۆی شارستانی مەریوان دەستی کردووە بە کەندنی ئەڵقە بیرێکی قووڵ لە بەشی باکووری زۆنگاوی نێودەوڵەتیی زرێبار و لە سنووری سایتی چاودێریکردنی باڵندەی شەروان.ئەم کارە کە لە لایەن چالاکوانانی ژینگەوە ناڕەزایەتی لێ کەوتووەتەوە،پرسیاری جیدی لەسەر مۆڵەتی یاسایی بۆ کەنەدە کارییەکە،هەڵسەنگاندنی لێکەوتە ژینگەیییەکان و ڕەچاوکردنی پێوەرەکانی پاراستنی زۆنگاوەکە دروست کردووە.
زۆنگاوی زرێبار یەکێک لە ژینگەسیستەمە بەنرخەکانی کوردستانە کە بەردەوامی و سەقامگیرییەکەی بەستراوەتەوە بە پاراستنی هاوسەنگی نێوان سەرچاوە ئاوییە ڕووکەشی و ژێرزەوییەکان.کەندن و دەرهێنانی گوماناوی ئاو لە سنووری زۆنگاوەکەدا،بەبێ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی هایدرۆئۆلۆژیک،دەکرێت کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاستی ئاوی ژێرزەوی،ڕژێمی هایدرۆلۆژیی زۆنگاوەکە و هێلانە و ژینگەی باڵندەکان هەبێت.هەستیاریی ئەم دەستێوەردانە کاتێک زیاتر دەبێت کە زرێبار پێشتریش بەدەست دابەزینی کوالێتی ئاو،فشاری ناشی لە گەشەی شاری و کەموکوڕی لە بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکاندا ڕووبەڕوو بووە.
لە ڕوانگەی مافی ژینگەوە،جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی دابینکردنی ئاو ناتوانێت جیا لە پێویستییەکانی پاراستنی ژینگەسیستەمە هەستیارەکان ئەنجام بدرێت.بنەمای پەنجاهەمی یاسای بنەڕەتی،پاراستنی ژینگەی وەک ئەركێکی گشتی ناساندووە و ئەو چالاکییانەی کە دەبنە هۆی تێکدانی قەرەبوو نەکراوەی ژینگە،قەدەغە کردووە.هەروەها بنەمای پێشگیری و ڕێبازی وشیاری لە مافی ژینگەییدا وا دەخوازێت کە پێش هەر جۆرە دەستێوەردانێکی کاریگەر لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانی زۆنگاوەکە،لێکەوتە ئەگەرییەکانی لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت و زانیارییەکانی پێوەست بە مۆڵەتەکان،ڕێژەی دەرهێنانی پێشبینیکراو و کاریگەرییە ئیکۆلۆژییەکان بخرێنە بەرداستی گشت خەڵک.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی هاووڵاتییان و پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان،دوو بەرپرسیارێتی هاوکاتی دامەزراوە گشتییەکانن و ناکرێت یەکێکیان بەبێ ڕەچاوکردنی ڕێساکانی ئەوی دیکەیان جێبەجێ بکرێت.بەردەوامبوونی کاری کەندنی بیرەکە بەبێ ڕوونکردنەوەی بنەمای یاسایی و لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لەسەر کاریگەرییەکانی،ناکۆکە لەگەڵ پابەندبوونی حکومەت بە پاراستنی ژینگە و مافی کۆمەڵگە خۆماڵییەکان (ناوخۆییەکان) بۆ بەهرەمەندبوون لە ژینگەیەکی تەندروست.سەرەڕای ناڕەزایەتی چالاکوانانی ژینگە،تا ئێستا هیچ زانیارییەکی باوەڕپێکراو سەبارەت بە ڕاگرتنی کارەکە،داپۆشینی بیرەکە یان بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامە تەکنیکی و یاساییەکانی ئەم پڕۆژەیە نەگەیشتووەتە دەستی هانا.
