ئەمڕۆ چل و سێهەمین ساڵیادی تیربارانکرانی ٥٩ لاوی مەهابادییە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە. لە ١٢ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٢، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی حەمیدڕەزا جەلاییپور، فەرمانداری ئەوکاتی مەهاباد، ٥٩ شارۆمەندی مەهابادی بە تۆمەتی «پەیوەندی لەگەڵ حیزبە نیارەکانی کۆماری ئیسلامی» تیرباران کران.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی هانا، ئەم ٥٩ کەسە لە کۆتایی ساڵی ١٣٦١ و سەرەتای ساڵی ١٣٦٢ لەلایەن هێزە حکومییەکانەوە بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ دەستبەسەر و بۆ زیندانی ورمێ گواسترابوونەوە. ئەم دەستبەسەرکردنانە بەشێک بوون لە کردار و کردەوە شەڕئەنگێز و سەرکوتکەرانەکانی حکومەت کە دوای دەرچوونی فەتوای جیهادی خومەینی دژی خەڵکی کوردستان، لە شارە جیاوازەکانی کوردستان جێبەجێ دەکران.
لە ئەنجامی بەرەنگاربوونەوەی حیزبە کوردستانییەکان برانبەر توندوتیژیی زۆر و بێسنووری هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە شارەکانی کوردستان، «محەممەد بروجێردی»، فەرماندەی ئەوکاتی قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران، لە شەڕێکی چەکدارانە لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکاندا کوژرا. بەپێی بەڵگە و دۆکیومێنتە بەردەستەکان، هێزە حکومییەکان بە ئامانجی تۆڵەسەندنەوە بڕیاریان دا بە خێرایی ژمارەیەک لە زیندانییانی سیاسی کورد تیرباران بکەن.
لە چوارچێوەی ئەم بڕیارەدا، ٥٩ هاووڵاتیی مەهابادی کە لە زیندانی ورمێدا زیندانی بوون، بۆ شاری تەورێز گواسترانەوە. هەموو ئەم کەسانە بێ ئەوەی کەمترین مەرجەکانی دادپەروەری و مافی بەرگرییان هەبێت، لەلایەن دادوەرانی دادگای شۆڕشی تەورێزەوە سزای مەرگیان بۆ بڕایەوە و سزاکەش بە خێرایی و بە نهێنی جێبەجێ کر.
بەپێی ئەو بەڵگانەی دەستکەوتوون و هەروەها شایەتحاڵی بنەماڵەی قوربانییان، زۆربەی ئەوان لە کاتی تیرباران کردنیاندا تەمەنیان خوار ١٨ ساڵ بووە و بەپێی پێناسەی یاسایی منداڵ هەژمار دەکران. قوربانییانی ئەم تاوانە لە سەرەتاییترین مافەکانی تۆمەتبارێک وەک دەستگەیشتن بە پارێزەر و ڕاوێژی یاسایی بێبەش کرابوون. تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک سەبارەت بە شێوازی دادگاییکردن و وردەکارییەکانی جێبەجێکردنی سزاکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بڵاونەکراونەتەوە. بنەماڵەی قوربانییان، سەرەڕای ساڵانێک بەدواداچوون و سەردانکردنی دامەزراوە جیاوازەکان، هێشتا هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووسی تەرمەکان و شوێنی ناشتنیان دەست نەکەوتووە .
بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی تاوان، ئەم کوشتنە بەکۆمەڵە کە بە «مەبەستی تاوانبارانەی تایبەت» ئەنجام دراوە و بە شێوەیەکی سیستەماتیک لەلایەن بەرپرسانی حکومەتەوە جێبەجێ کراوە، دەچێتە خانەی «تاوان دژی مرۆڤایەتی». سەرباری ئەوە، نەدانەوەی تەرمەکان بە بنەماڵەکان و شاراوەکردنی شوێنی ناشتنیان، خۆی تاوانێکی بەردەوام و سەربەخۆی نێودەوڵەتییە.
لە نێوان کاربەدەستان و بەڕێوەبەرانی ئەم تاوانەدا، هێشتا «ئیبراهیم سەنجەقی»، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران و سەرۆکی ئێستای زانکۆی مالک ئەشتەر، هەروەها حەمیدڕەزا جەلاییپور، فەرماندار و سەرۆکی ئەوکاتی ئەنجوومەنی تەئمینی شاری مەهاباد، لە ژیاندان و بەپێی بنەمای دەسەڵاتی جیهانی (Universal Jurisdiction) دەتوانرێت لە دادگاکانی ئەو وڵاتە ئەورووپییانەی ئەم بنەمایەیان لە یاساکانی خۆیاندا پەسەند کردووە، بەدواداچوونیان بۆ بکرێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لەگەڵ دەربڕینی هاوخەمی بۆ بنەماڵەی قوربانییان، داوای بەدواداچوونی نێودەوڵەتیی ئەم کەسانە دەکات بە پشتبەستن بە بنەمای دەسەڵاتی جیهانی. بەپێی ئەم بنەمایە، دەوڵەتەکان بەبێ گوێدانە شوێنی ڕوودانی تاوان یان ناسنامەی تاوانباران، لە تاوانە دڕندانەکان وەک تاوان دژی مرۆڤایەتی، دەسەڵاتی یاسایی بۆ بەدواداچوون و دادگاییکردن هەیە.
ناوی ٥٩ قوربانیی تیربارانی بەکۆمەڵی ١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢ لە مەهاباد:
١. غوڵامرەزا بەرزی
٢. حەسەن جەهانیان
٣. عەلی بنیان
٤. محەممەد عەلیلی
٥. محەممەد ئەمین سەفایی
٦. هۆمایون نیلووفەری
٧. مەحموود ڕیازی
٨. محەممەد حوسێنی
٩. عەبباس حوسێنپور
١٠. کازم خاتوونی
١١. عەلی مەزنە
١٢. عەبدوڵڵا تەحريریان
١٣. ڕەحمان ڕەحیمی
١٤. عەلی گوڵپەڕەست
١٥. موستەفا ئیسماعیلی
١٦. خالق بەرزانی
١٧. یوسف ئەیازی
١٨. کەمال چاوشینی
١٩. حەسەن ڕەحمانیان
٢٠. خالید ڕەحیمی ئازەر
٢١. خالید سەفایی
٢٢. سەید ئیبراهیم ئەحمەدی
٢٣. محەممەد مەسعوودی
٢٤. محەممەد ئەبوبەکری
٢٥. وەفا ئیلاسی
٢٦. مەنسوور جەناح
٢٧. محەممەد ئەمین ئەحمەدی
٢٨. محەممەد سەلیمی
٢٩. فەریدوون شەنگە
٣٠. عەلی بازیان
٣١. خدر ڕەنگین
٣٢. ئەبوبەکر شوکری
٣٣. ماشاڵڵا نادری
٣٤. هەژار کریمی
٣٥. کەماڵ کریمی
٣٦. کەریم ڕەحیمیان
٣٧. یۆسف حەبیبپەنا
٣٨. محەممەد فاروق بازیار
٣٩. ئیبراهیم ئەمینی
٤٠. ساڵح مام ئیبراهیمی
٤١. شوکرێ نادری
٤٢. موستەفا فەقهەری
٤٣. عەلی قەوارە
٤٤. عەلی ساڵحی
٤٥. مەلا حەسەن لاجەوردی
٤٦. سولێمان حەسەنزادە
٤٧. یوسف حەسەنزادە
٤٨. کەریم کاوە
٤٩. سەید مەحموود سەید مەحموودی
٥٠. حامد مەحموودکەندی
٥١. حوسێن کەلهوڕی
٥٢. عەبباس یوسفی
٥٣. سیامەک سەقزی
٥٤. عەلی ئابادە
٥٥. کامران زاهیر حیجازی
٥٦. ساڵح فەرهودی
٥٧. مەقسوود مەحموودی
٥٨. ئەحمەد کارووبی
٥٩. ڕەحمان خدرپوور
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٥
