ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە مافی بەهرەمەندبوون لە کەمترین پێداویستییەکانی بژێوی و دەستڕاگەیشتن بە خۆراکی پێویست، لە پێداویستییە بنچینەیییەکانی ژیانێکی شەرەفمەندانەیە. بڕیاردان لەسەر نرخی کاڵا بنەڕەتییەکان دەبێت لەسەر بنەمای پرەنسیپەکانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، پاڵپشتیکردنی توێژە لاوازەکان و ڕەچاوکردنی بەڵێنە یاسایییەکانی حکومەت بەرامبەر بە هاووڵاتییان ئەنجام بدرێت. لە غەیری ئەم دۆخەدا، مەترسیی زیادبوونی بێبەشیی ئابووری و کەمبوونەوەی دەستڕاگەیشتنی بەشێک لە کۆمەڵگە بە پێداویستییە سەرەتایییەکانی ژیان لە ئارادا دەبێت.
لەسەر ئەم بنەمایە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوای بڵاوکردنەوەی گشتیی بنەما کارناسییەکانی گرانبوونی نرخی نان، خستنەڕووی هەڵسەنگاندنێکی ڕوون لەسەر کاریگەرییەکانی ئەم بڕیارە لەسەر دەهەکە جیاوازەکانی داهات و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پاڵپشتیی کاریگەر بۆ ڕێگریکردن لە توندبوونەوەی فشاری بژێوی لەسەر خێزانە کەمداهاتەکان دەکات. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت دامەزراوە بەرپرسەکان، کاریگەرییە کورتخایەن و درێژخایەنەکانی ئەم سیاسەتە لەسەر ئاسایشی خۆراکی و دۆخی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی بەردەوام چاودێری و هەڵسەنگاندن بکەن.
نان بۆ بەشێکی گەورەی کۆمەڵگەی ئێران نە هەڵبژاردنێک، بەڵکوو پێویستییەکی بژێوییە. لەبەر ئەمەش، هەر سیاسەتێک کە کاریگەری لەسەر دەستڕاگەیشتنی هاووڵاتییان بەم کاڵا بنەڕەتییە هەبێت، دەبێت بە بەرزترین ئاستی بەرپرسیارێتی، شەفافییەت و پابەندبوون بە پێداویستییە یاسایییەکان و مافەکانی هاوڵاتیبوونەوە بگیرێتە بەر.
