هانا: رۆژی شەممە ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٠ – (٣١ی ژولای ٢٠٢١)، سەربازێکی تەمەن ١٨ ساڵ بە ناوی “کارۆ غەفووری” خەڵکی بۆکان بە شێوەی گوماناوی لە پایەگای سەر سنووری “بلە سوور”ی ناوچەی خۆی گیانی لەدەستدا.
"هێرش غەفووری" چالاکی سیاسی دانیشتووری کوردستانی عێڕاق و ئامۆزای "کارۆ غەفووری" لە وتووێژێکدا لەگەڵ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا رایگەیاند: "کارۆ غەفووری" ٧ مانگە وەک باقی لاوانی دیکە بە ناچاری چووەتە سەربازی، بەڵام مەرگی "کارۆ" زۆر گوماناوی بووە. هەوروەها لە درێژەدا وتی، "کارۆ" لە هەڵگرتنی چەک معاف بووە و چەکی پێ نەبووە، بەڵام هۆکاری مەرگی ناوبراو بە چەک و گوللـە بووە.
بەگوێرەی یاسا و رێساکانی سەربازی لە ئێران، ئەو کەسانەی کە کومیسیۆنی پزیشکی دوای تاقیکردنەوە و لێکۆڵنیەوە پەسندی بکات لە هەڵگرتنی چەک و کێشک و چالاکی سەربازی معاف دەکرێن و تەنانەت کاری قورسیشیان نابێ پێ بسپێردرێ.