ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، دوای پشکنین و هەڵسەنگاندنی زانیاری و کاردانەوە فراوانەکان سەبارەت بە دەنگۆی ئازار و دەستدرێژیی سێکسی لە لایەن جەماڵ محەممەدی، ئەندامی بەشی کۆمەڵناسـی زانکۆی کوردستان، باس دەکرێن، ڕایدەگەیەنێت کە پرۆسەی بەدواداچوونی ئینتیزامیی وەزارەتی زانست، لە پێوەرەکانی بەدواداچوونی سەربەخۆ، پسپۆڕانە و دادپەروەرانە دوور بووە. بڕیاری دەرچوو لەم چوارچێوەیەدا، بە بێ ڕەچاوکردنی کاریگەرییە ئیدارییەکان، ناتوانێت ببێتە بنەمای داخستنی دۆسیەکەیان بێ ناوەڕوککردنی باس و خواستی خوێندکاران.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لانیکەم ١٧ ژن، زۆربەیان لە ناو خوێندکاران، باس و سکاڵاکانیان لەبارەی هەڵسوکەوتەکانی ئەم مامۆستایە پێشکەش کردووە. دەوترێ کە کۆی ئەم باسانە، سکاڵا و بەڵگەکان لە دۆسیەیەکی نزیکەی ٣٠٠ لاپەڕەدا کۆکراونەتەوە و هەندێک لەو ژنانەش لە قۆناغی یەکەمدا بە ڕاستەوخۆ لەبەردەم بەرپرسانی زانکۆ وتەکانی خۆیان باس کردووە. ئەم بەدواداچوونە سەرەتا بە بڕیاری دەرکردن کۆتایی هات، بەڵام ئەو بڕیارە لە قۆناغی دواتردا گۆڕدرا بۆ بێتاوانی و گەڕانەوە بۆ زانکۆ. هەتا ئێستا، دەقی تەواوی بڕیارەکان، ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوە، پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی بەڵگەکان و هۆکاری ئەم گۆڕانکارییە بنەڕەتییە بە شێوەی گشتی بڵاونەکراونەتەوە.
ئەم بەڵگانە بۆ سەلماندنی بەرپرسیاریەتیی یەکلاکەرەوەی کەسی سکاڵالێکراو بەس نین، بەڵام بێ گومان بۆ ئەوە بەسن کە دۆسیەکە کراوە بمێنێتەوە. زۆری ڕاپۆرتەکان، ئەگەری سەربەخۆیی باسەکان، قەبارەی بەڵگە ڕاگەیەندراوەکان، تێچوونی ڕاپۆرتدەران لە ڕووی تاکەکەسی و زانکۆییەوە ، هەروەها دەرکردنی بڕیاری دەرکردن لە زانکۆ لە بڕیاری یەکەمدا، هەموویان کۆمەڵێک نیشانەی گرنگن کە ناتوانرێت بە تەنیا بە بڕیارێکی ناڕوون و بێ ناوەڕووک لاببرێن.
ڕێساکانی ئینتیزامیی ئەندامانی دەستەی زانستی، لە بنەڕەتدا بۆ پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکانی ئازاری سێکسی دانەنراون. ئەم ڕێسایانە پێناسەیەک بۆ ئازاری سێکسی، ڕەزامەندی، بەکارهێنانی نادروستی دەسەڵاتی فێرکاری، ژینگەی دوژمنکارانەی زانکۆ، فشاری سێکسیی لە ئەنجامی پەیوەندیی یان تۆڵەسەندنەوە لە سکاڵاکار پێشکەش ناکەن. لەبەر ئەوە، هەڵسوکەوتی لەم جۆرە ناچارە لە ژێر ناونیشانی گشتی وەک «دژ بە ئەخلاقی گشتی» یان «سووکایەتی بە پێهەی پیشەیی» بەدواداچوونی بۆ بکرێت. لەم چوارچێوەیەدا، ئازاری سێکسی وەک پێشێلکردنی مافی ژن بۆ کرامەت، ئاسایش، تەواوی جەستەیی و فێربوونی پارێزراو پێناسە نەکراوە، بەڵکو وەک کێشەیەک پەیوەست بە ئابڕویی زانکۆ و ڕێکخستنی ئیداری لێک دراوەتەوە.
پێکهاتەی لیژنە ئینتیزامییەکانیش ڕەوابوونی ئەم جۆرە بەدواداچوونانە تووشی گومانی جدی دەکات. یاسا ئامادەبوونی پسپۆڕی ئازاری سێکسی، دەروونناس، یاساناسێکی سەربەخۆ، نوێنەری خوێندکاران یان هاوسەنگیی ڕەگەزی لە پێکهاتەی لیژنەدا ناسەلمێنێ. لیژنەیەک کە ئەندامەکانی لە هەمان چوارچێوەی زانکۆ و پیشەیی هەڵبژێردرابن، هەمیشە لە مەترسیی پاڵپشتی پیشەیی، چاوپوشی پەیوەست بە ئابرو و دژ بەڕاستیدا دەبێت. هەبوونی دەسەڵاتی ئیداری بۆ دەرکردنی بڕیار، بە مانای هەبوونی زانیاری و لێهاتوویی پێویست بۆ تێگەیشتن لە ئازاری سێکسی نییە.
کێشەێکی بنەڕەتیی تر ئەوەیە کە ڕێساکان بۆ ئەندامی دەستەی زانستیی سکاڵالێکراو، مافی ئاگاداربوون، بەرگری، وەرگرتنی بڕیار، داواکردنی پێداچوونەوە و سەردانی دەستگا دادوەرییەکان دابین دەکەن، بەڵام ژنی سکاڵاکار لە مافە هاوشێوەکان بێبەش دەکەن. سکاڵاکات مافێکی ڕەوای بۆ دەستگەیشتن بە هۆکارەکانی بڕیار، وەڵامدانەوە بە بەرگرییەکان، ناڕەزایی دەربڕین لە بڕیاری بێتاوانی، گرتنەبەری ناڕەزایی لە پێکهاتەی لیژنە، هەبوونی پارێزەر یان پاراستن لە بەرامبەر هەر هەوڵێکی تۆڵەسەندنەوەی نیە. لەم سیستەمەدا، مامۆستا لایەنی فەرمیی دۆسیەکەیە، بەڵام ژن زۆرجار تەنها بۆ سەرچاوەی زانیاری دادەنرێت.
ئەم جۆرە چوارچێوەیە هەروەها لە ڕاستیی ئازاری سێکسیش دوورە. ئازاری سێکسی زۆرجار لە شوێنی تایبەت، بەبێ شایەتحاڵی ڕاستەوخۆ و لە چوارچێوەی پەیوەندییەکی نایەکسانی دەسەڵاتدا ڕوو دەدات. پێویستی خوێندکار بە مامۆستا بۆ نمرە، کوتانامە، پێشنیار و داهاتووی زانستی، دەتوانێت ببێتە هۆکاری بێدەنگی، دواخستنی سکاڵا و یان بەردەوامبوونی ڕواڵەتی پەیوەندیی فێرکاری. هیچ یەک لەم هۆکارانە بە تەنیایی بەڵگەی بێ ناوەڕووکی باسەکە نییە. بەدواداچوونی باوەرپێکراو دەبێت کاتی یەکەمین باسکردن، پەیام و نامەنووسینەکان، سکاڵاکردن بە کەسانی متمانەپێکراو، لێکچوونی نێوان باسەکان، سەربەخۆیی ڕاپۆرتەکان و ئەگەری هەبوونی نەخشەیەکی هەڵسوکەوتی بە شێوەی کۆیی ئەنجام بدرێت.
پشتگوێخستنی نایەکسانیی دەسەڵات لەنێوان مامۆستا و خوێندکار، بێلایەنی نییە. ئەم دۆخەدا بە قازانجی ئەو لایەنە تەواو دەبێت کە لە ڕووی پێگەی زانستی، تۆڕی پیشەیی و دەسەڵاتی بەهێزتری هەیە. کاتێک پێگەی زانکۆیی مامۆستا دەبێتە بنەمای متمانەی سەرەتایی بۆ ئەو، بەڵام ژن بۆ ئەوەی باوەڕی پێ بکرێت ناچار بێت هەم ڕوودانی ئازار و هەم شیاوبوونی ئەخلاقیی خۆی بسەلمێنێت، ئەوا بەدواداچوونە لە دادپەروەری دوور دەکەوێتەوە و دەبێتە هۆی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هەمان پەیوەندیی دەسەڵاتە کە خۆی بابەتی سکاڵاکە بووە.
هەروەها، ناونیشانی «بێتاوانیی ئیداری» نابێت زیاتر لە مانای یاساییی خۆی باس بکرێت. تا کاتێک هۆکارەکانی بڕیار بڵاونەکراونەتەوە، دیار نییە بڕیاری یەکەم بەهۆی کێشەی شێوە، جیاوازی لە هەڵسەنگاندنی بەڵگەکان یان نەسەلماندنی سەرپێچی هەڵوەشێنراوەتەوە. ئەم جۆرە بڕیارە نە بێتاوانیە و نە دەیسەلمێنێت کە باسەکانی ژنان بێ ناوەڕووکن.
هەروەها کە ناڕەزایەتیی گشتی بە تەنیا بۆ سەلماندنی تاوانباربوونی یەکلاکەرەوە بەس نییە، بڕیاری ناڕوونی لیژنەیەک کە پسپۆڕی پێویستی نییە ناتوانێت ببێتە بنەمای ڕاگەیاندنی کۆتایی هاتنی ڕاستی.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ڕێکارەکانی ئێستای لیژنە ئینتیزامییەکانی وەزارەتی زانست بۆ بەدواداچوونی دەنگۆکانی ئازاری سێکسی، لە ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤەوە ناڕەوا دەزانێت. دەسەڵاتێک کە ئازاری سێکسی پێناسە ناکات، ژنانی سکاڵاکار وەک خاوەنی تەواوی مافە دادوەریەکان ناناسێت، سەربەخۆیی و هاوسەنگیی ڕەگەزیی ئەندامانی خۆی دڵنیاناکاتەوە و دەتوانێت بەبێ بەشداریی کاریگەری سکاڵاکارەکان، بڕیاری دەرکردن بگۆڕێت بۆ بێتاوانی، شایستەی ئەوە نییە کە بڕیار لەسەر داخستنی ئەم جۆرە دۆسیەیە بدات.
هانا لە بارودۆخی ئێستادا حوکم بە تاوانباربوونی یەکلاکەرەوەی جەماڵ محەممەدی نادات، بەڵام دەنگۆکان و نیشانەکان و بەڵگە بەردەستەکان بە جدی وەردەگرێت و دۆسیەکە بە کراوە دەزانێت. هەر بڕیارێکی درووست و ڕەوا دەبێت لە ئەنجامی بەدواداچوونی دەسەڵاتێکی سەربەخۆ لە زانکۆی کوردستان و وەزارەتی زانست دەربچێت؛ دەسەڵاتێک کە پێکهاتەکەی لە ڕووی ڕەگەزییەوە هاوسەنگ بێت و ژنانی سەربەخۆ و پسپۆڕ لە تێگەیشتن بە ئازاری سێکسی، ڕەزامەندی، زیانی دەروونی و بەکارهێنانی نادروستی دەسەڵاتی زانکۆیی، تێیدا بە شێوەیەکی کاریگەر و یەکسان ئامادەبن.
دۆسیەی جەماڵ محەممەدی بە بڕیارێکی ئیداریی ناڕوون داناخرێت. پرۆسەیەک کە گوێ لە دەنگی ژنان دەگرێت، بەڵام مافی بەشداری، ناڕەزایی و دەستگەیشتن بە هۆکارەکانی بڕیار بۆیان دابین ناکات، بەدواداچوونی دادپەروەرانە نییە. ئەم جۆرە پرۆسەیە، شێوەیەکی ئیداریی کپ کردنی سکاڵایە.
