ڕاپۆرتی کۆتایی هانا سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی باوکی سێ کەس لە گیانبەختکردووانی هێرشی مووشەکی بۆ سەر بارەگای کۆمەڵە لە بۆکان

ڕاپۆرتی کۆتایی هانا سەبارەت بە ڕفاندن و دەستبەسەرکردنی باوکی سێ کەس لە گیانبەختکردووانی هێرشی مووشەکی بۆ سەر بارەگای کۆمەڵە و توندتربوونی فشارە ئەمنییەکان لەسەر بنەماڵەکان لە بۆکان

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار بووتەوە کە ئەنوەر نیکی‌خا، باوکی سیاوان نیکی‌خا، عەلی سادقی، باوکی ڕەزا سادقی، و یوسف فەقێ حەسەن ئاغا، باوکی زەکریا فەقێ حەسەن ئاغا، لە گیانبەختکردووانی هێرشی مووشەکی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر بارەگای کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان ڕفێندراو یان دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی هانا ، ئەنوەر نیکی‌خا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندراوە. عەلی سادقی و یوسف فەقێ حەسەن ئاغاش ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی پووشپەر دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە. هێشتا هیچ زانیارییەکی فەرمی سەبارەت بە هۆکار و بنەمای یاسایی دەستبەسەرکردن، شوێنی ڕاگرتن، دۆخی تەندروستی و یاسایی یان چارەنووسی ئەم سێ هاووڵاتییە بە بنەماڵەکانیان نەدراوە و ئەوان لە پەیوەندی کردن بە خێزان و دەستگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ بێبەش کراون.

ئەم کردەوانە هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی فشارە ئەمنییەکان بۆ سەر بنەماڵەی گیانبەختکردووانی هێرشی سەر بارەگای کۆمەڵە لە بۆکان. هانا هەروەها زانیاری لە سەر ،هەڕەشە و فشاری ئەمنی لەسەر بنەماڵەی کەسرا ڕەحمان‌نژاد، یەکێکی دیکە لە گیانبەختکردووانی خەڵکی بۆکانی بۆ هاتووە. بە ئامانجگرتنی خزم و کەسانی نزیک بەهۆی ئەندامێتی یان چالاکیی سیاسی ئەندامێکی بنەماڵە، پێشێلکردنی بنەمای بەرپرسیاریەتی تاکەکەسییە و هەنگاوێکی تۆڵەسەندنەوەیە دژ بە بنەماڵەی گیانبەختکردووان.

ڕفاندن یان دەستبەسەرکردنی کەسەکان لەلایەن کاربەدەستانی حکومەتییەوە، لەگەڵ نادیاری شوێنی ڕاگرتنیان و ناڕوونی چارەنووسیان، دەتوانێت بە ونکردنی زۆرەملێ پێناسە بکرێت. ئەم دۆخە ،دەستبەسەر کراون بە شێوەیەکی کرداریی لە پاراستنی کاریگەرە لە لایەن یاسا بێ بەش دەکات و مەترسیی ئەشکەنجە، مامەڵەی نالەبار، وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و دەستدرێژی بۆ سەر مافی ژیان و تەندروستییان زیاد دەکات.

لە هێرشی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر بارەگای کۆمەڵەی شۆڕشگێڕێ زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان، ١٠ پێشمەرگە گیانیان لەدەست داوە. ڕەزا سادقی، کەسرا ڕەحمان‌نژاد، سیاوان نیکی‌خا و زەکریا فەقێ حەسەن ئاغا، چوار لە گیانبەختکردووانی ئەم هێرشە، خەڵکی بۆکان بوون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوای ڕاگەیاندنی خێرا و فەرمیی شوێنی ڕاگرتن و دۆخی ئەنوەر نیکی‌خا، عەلی سادقی و یوسف فەقێ حەسەن ئاغا دەکات، هەروەها داوا دەکات ڕێگەیان بۆ پەیوەندی کردن بە بنەماڵە و دەستگەیشتنی کاریگەر بە پارێزەری سەربەخۆ بکرێتەوە و هەر جۆرە هەڕەشە یان هەنگاوی تۆڵەسەندنەوە دژ بە بنەماڵەی گیانبەختکردووان ڕابگیردرێت. دادستان گشتی و بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، وەک بەرپرسانی دادوەری و ئەمنی، بەرپرسیاری ڕوونکردنەوەی چارەنووسی ئەم کەسانەیان لە ئەستۆیە و دەبێت ژیان، تەندروستی و ئەمنیەتیان دابین بکەن و لە بەرامبەر هەر جۆرە ئەشکەنجە، مامەڵەی نالەبار یان ئەگەری ڕوودانی کارەسات ، وەڵامدەر بن

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین