ڕۆژی شەممە، ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٥، هاوتای ٢٥ی جولای ٢٠٢٦، ڕۆشنا نوری، کچێکی تەمەن ١٥ ساڵ، خەڵکی ئاوایی «سەرهۆیە»ی سەر بە شاری سنە، بە چەکی گەرم لەلایەن زڕبراکەی خۆیەوە کوژراوە.
بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، بکوژ تەقەی ڕاستەوخۆی لە مل و بەشی سەرەوەی جەستەی ئەم منداڵە کردووە و هەر ئەوە بۆتە هۆی گیانلەدەستدانی دەستبەجێی ناوبراو. ڕۆشنا و بکوژ، لە باوکەوە خوشک و برا، بەڵام لە دوو دایک بوون .
ڕاپۆرتە سەرەتایییەکان، بێ ئاماژە بە وردەکاریی زیاتر، هۆکاری ئەم کوشتنە بە «ناکۆکیی خێزانی» پێناسەدەکەن.
ڕۆشنا، پێش ئەوەی قوربانیی ژنکوژی بێت، منداڵێکی ١٥ ساڵە بوو کە بەپێی پێوەرەکانی مافی منداڵ، دەبوو لە پاراستنی تایبەتی خێزان، کۆمەڵگا و دامەزراوە گشتییەکان بەهرەمەند بێت. تەمەنی کەم، ڕەگەزی مێینە و هۆگربوون بە ژینگەی خێزانی، توانای بەرگریکردن، دەرهاتن لە دۆخی مەترسیدار یان دەستگەیشتنی سەربەخۆ بە میکانیزمەکانی پاراستنی بە شێوەیەکی بەرچاو سنووردار کردبوو. لەبەر ئەوە، ناکرێت کوشتنی ئەو تەنیا وەک ناکۆکییەک لەنێوان ئەندامانی خێزان یان بە ئەنجامی کێشەیەکی شەخسی لێک بدرێتەوە.
بەکارهێنانی دەستەواژەی گشتیی «ناکۆکیی خێزانی» نابێت ببێتە ئامرازێک بۆ شاردنەوەی سروشتی توندوتیژی یان گواستنەوەی بەرپرسیارێتی بۆ سەر قوربانی. ئەم دەربڕینە، بێ لێکۆڵینەوە لە مێژووی هەڕەشە، توندوتیژی، کۆنترۆڵ و پەیوەندییەکانی هێز لە ناو بنەماڵەدا، ڕەنگە هۆکارە کۆمەڵایەتی و ڕەگەزییەکانی ئەم کوشتنە لەبەرچاو نەگرێت. بنەماڵە نابێت ببێتە ناوچەیەک لە دەرەوەی چاودێریی یاسا و پەیوەندیی خزمایەتییش هیچ جۆرە ڕەوایەتییەک بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بە منداڵان دروست ناکات.
کوشتنی ڕۆشنا نوری لە خاڵی یەکگرتنی منداڵکوژی، توندوتیژی خێزانی و توندوتیژی بنیاتنراو لەسەر ڕەگەز ڕوویداوە. لەو جۆرە دۆسیانەدا، منداڵبوونی قوربانی دەبێت لە ناوەندی لێکۆڵینەوە دادوەرییەکاندا بێت. ئەرکی دامەزراوە بەرپرسیارەکان تەنها داوای تاوانبار کەوتن لە دوای ڕوودانی کوشتن نییە، بەڵکو دەبێت ناسینەوەی هۆکارەکانی مەترسی، کۆنترۆڵکردنی دەستگەیشتن بە چەکی گەرم، دروستکردنی ڕێگای پارێزراو بۆ ڕاپۆرتکردن و پاراستنی خێرای منداڵانی لە ژێر مەترسیی توندوتیژیدا بگرێتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ، ڕوون و بنیاتنراو لەسەر مافی منداڵ سەبارەت بە ئەم کوشتنە دەکات. ئەم لێکۆڵینەوانە دەبێت جگە لە دیاریکردنی بەرپرسیاری تاونباری بکوژ، هەبوونی هەر جۆرە هەڕەشە یان توندوتیژی پێشووتر، چۆنیەتی دەستگەیشتنی تۆمەتبار بە چەک، ئەگری وەڵامی دامەزراوە ناوخۆییەکان و ئیمکانی پێشگیری لە ڕوودانی ئەم کوشتنەش بپشکنن.
مافی ژیان، ئەمنیەتی جەستەیی و بەهرەمەندبوون لە پاراستنی کاریگەری یاسایی، لە مافە بنەڕەتییەکانی هەر منداڵێکن. کەمکردنەوەی کوشتنی کچێکی ١٥ ساڵە بۆ «ناکۆکییەکی تاکەکەسی»دەبێتە هۆی ئاساییکردنی توندوتیژی خێزانی و درێژەدانی نەبوونی پارستن بۆ ئەو منداڵانەی کە ناوماڵ بۆیان، شوێنێکی پارێزراو نیە، بەڵکو سەرچاوەی هەڕەشە و توندوتیژییە.
