بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بڵاو کراونەتەوە، زیاتر لە ٧٠ کەس لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، لە بەندیخانەی ناوەندیی دەستگەردی ئەسفەهان لەگەڵ سزای سێدارە ڕووبەڕوون. دەگوترێت ٢٦ کەس لەوان بۆ ژوورە تاکەکەسییەکان یان بەشی کەرەنتینە ڕاگوێزراون؛ ڕاگوێزانێک کە بە سەرنجدان بە شێوازی کارکردنی بەندیخانەکانی ئێران، نیگەرانییەکی جیدیی دەربارەی جێبەجێکردنی کتوپڕی سزاکانی دروست کردووە. ناسنامەی ٣١ کەس لە سزادراوان ڕاگەیەندراوە و لە نێویاندا سێ هاووڵاتیی ئەفغانستانی و لانیکەم کەسێک کە لە کاتی ڕوودانی تۆمەتە پێدراوەکەدا تەمەنی لە خوار ١٨ ساڵ بووە، دەبینرێن. ژمارەی گشتیی سزاکان و دۆخی تەواوی بەندکراوان هێشتا بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست نەکراوەتەوە.
هانا نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرانبەر بە ئەگەری جێبەجێکردنی بەرفراوان و ڕێکخراوی سزای سێدارە لەم دۆسیانەدا ڕادەگەیەنێت. لەو دۆسیانەی کە سزای مەرگیان تێدایە، ڕەچاوکردنی گەرەنتییەکانی دادرەسی دادپەروەرانە تەنیا پێویستییەکی شکڵی نییە، بەڵکوو مەرجی بنەڕەتیی پاراستنی مافی ژیانە. دەستڕاگەیشتنی خێرا و کاریگەر بە پارێزەری سەربەخۆ، ئاگاداریی ورد لە تۆمەتەکان، قەدەغەی ئەشکەنجە و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، پێڕاگەییشتن لەلایەن دادگایەکی سەربەخۆ و بێلایەن، مافی ناڕەزایەتی دەربڕینی کاریگەر و دەرفەتی پێداچوونەوەی دووبارە بە حوکمەکەدا، کەمترینی ئەو گەرەنتییانەن کە نەبوونی هەر کامێکیان دەکرێت جێبەجێکردنی سزای سێدارە بۆ زەوتکردنی هەڕەمەکی مافی ژیان بگۆڕێت.
دەرچوونی سزای سێدارە دژی کەسێک کە لە کاتی ئەنجامدانی تاوانە پێدراوەکەدا تەمەنی لە خوار ١٨ ساڵ بووە، بە تەواوی پێشێلکردنی بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکانی ئێرانە، لەوانەش میساقی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و کۆنڤانسیۆنی مافەکانی منداڵان. هەروەها، سزای سێدارە نابێت لەسەر بنەمای دانپێدانانی ژێر فشار، دادگاییکردنی نهێنی، تۆمەتی ناڕوونی ئەمنی یان بێبەشکردنی تۆمەتباران لە بەرگریی کاریگەر دەربچێت.
بەردەوامیی دەرچوون و جێبەجێکردنی سزای سێدارە دژی ناڕازییان نیشانی دەدات کە حکوومەتی ئێران هێشتا سزای سێدارە وەک ئامرازێکی دروستکردنی ترس، کپ کردنی ناڕەزایەتییەکان و پاراستنی پێکهاتەی سیاسی بەکار دەهێنێت. ئەم ڕەوتە لە بارودۆخێکدا بەردەوامە کە جەنگ، گوشاری ئابووری و داخورانی ناوەندە سیاسی و ئەمنییەکان، قەیرانی ڕەوایەتی و ناکارامەیی بونیادیی حکوومەت توندتر کردووە. لە وەها دۆخێکدا، سزای سێدارە زیاتر لەوەی ئامرازێک بێت بۆ جێبەجێکردنی دادپەروەری، بووەتە میکانیزمێک بۆ بەرهەمهێنانەوەی ترس و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە گشتییەکان.
هاوکات، چڕبوونەوەی دەوڵەتان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان لەسەر جەنگی ئێران و ئەمریکا، ئاسایشی کەشتیوانی و دابینکردنی هاتووچۆی بەردەوامی وزە، مەترسیی لەبیرچوونەوەی پێشێلکارییە زەقەکانی مافی مرۆڤی لە ئێراندا زیاد کردووە. ئاسایشی وزە و تێبینییە ژێئۆپۆلیتیکییەکان ناتوانن ببنە جێگرەوەی پابەندبوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پاڵپشتی لە مافی ژیان و ڕێگریکردن لە لەسێدارەدانە هەڕەمەکییەکان. بێبایەخی بەرانبەر بە دۆخی ئەم زیندانیانە، زەمینە بۆ جێبەجێکردنی سزاکان لە بێدەنگیدا و ئاساییکردنەوەی بەکارهێنانی سیاسیی سزای سێدارە فەراهەم دەکات.
هانا داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی تەواوی ئەو سزایانەی سێدارە دەکات کە پەیوەندییان بە ناڕەزایەتییەکانەوە هەیە. هەروەها داوای دەستڕاگەیشتنی تەواوی سزادراوان بە پارێزەری سەربەخۆ، بڵاوکردنەوەی زانیاریی ورد دەربارەی دۆخیان و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی بێلایەنانە دەربارەی ئیدیعاکانی ئەشکەنجە، دانپێدانانی زۆرەملێ و پێشێلکردنی مافی دادرەسیی دادپەروەرانە دەکات.
