بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ڕۆژی شەممە ٦ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی (٢٧ی ژوئینی ٢٠٢٦)، «مێهران بەهرامی»، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
لەسەر بنەمای زانیارییە گەیشتووەکان، مەئموورە ئەمنییەکان ئەم هاووڵاتییەیان لە شوێنی کارەکەی و بەبێ نواندن یان ڕاگەیاندنی حوکمی دادوەری دەستبەسەر کردووە. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، لە شوێنی ڕاگرتنی، ئەو ناوەندەی کە دەستبەسەری کردووە و باری جەستەیی و یاساییی ناوبراو هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.
هەروەها، تا ئێستا هیچ جۆرە زانیارییەکی فەرمی دەربارەی هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن یان ئەو تۆمەتە ئەگەرییانەی خراونەتە پاڵ مێهران بەهرامی بڵاو نەکراوەتەوە و ناوەندە بەرپرسەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەم بوارەدا نەداوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی بەرانبەر بە بەردەوامیی بێئاگایی لە دۆخی ئەم هاووڵاتییە، جەخت دەکاتەوە کە دەستبەسەرکردنی کەسەکان لە دەرەوەی چوارچێوە یاسایییەکان، بەبێ ڕاگەیاندنی بەڵگەنامە دادوەرییەکان و خۆپاراستن لە زانیاریبەخشین دەربارەی دۆخ و شوێنی ڕاگرتنیان، لەگەڵ بنەماکانی دادرەسیی دادپەروەرانە و بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بواری پاراستنی مافی ئازادی و ئاسایشی کەسەکاندا ناگونجێت.
هانا داوای ڕوونکردنەوەی دەستبەجێی دۆخی مێهران بەهرامی، ڕەچاوکردنی مافە یاسایییەکانی لە کاتی دەستبەسەری و گەرەنتی کردنی دەستڕاگەیشتنی بە پارێزەر، بنەماڵە و مافە بنەڕەتییەکانی دیکە دەکات کە لە یاسا ناوخۆیی و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤدا هاتوون.
