بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی پوشپەڕی١٤٠٥ ، عەلی زوڵفی، وێنەگر و هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی هانا، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر دووکانی وێنەگریی ناوبراو و بێ بەڵگە و بڕیاری دادوەری، دەستبەسەریان کردووە. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی فەرمی سەبارەت بە شوێنی ڕاگرتنی، هۆکار و تۆمەتی دەستبەسەرکردن ، یان دەزگا و دامەزراوەی دەستبەسەرکر و بەرپرسی ڕاگرتنی ئەو بڵاونەبووتەوە.
هەروەها، بەپێی ڕاپۆرتەکان، هێزە ئەمنییەکان هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکردنی عەلی زوڵفی، بێ بەڵگە یا مۆڵەتی یاسایی دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلی تایبەتیشیدا گرتووە.
عەلی زوڵفی پێشتر لە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٩دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو. بەپێی زانیارییەکان، ئەوکاتیش هێزە ئەمنییەکان بێ بەڵگە و بڕیاری دادوەری چوونەتە ناو ماڵەکەی و، پاش شکاندنی بەشێکی دەرگا و پەنجەرەکانی ماڵەکەی ،ناوبراویان بۆ بنکەکانی ڕاگرتنی ئەمنی لە ورمێ گواستبووە. جێگایی ئاماژەیە ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەرکردندا لە مافی دەستگەیشتن بە پارێزەری یاسایی، پەیوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو. دواتر دوای گواستنەوە بۆ زیندانی بۆکان، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو. پاشان لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانی بۆکان بە تۆمەتی «بانگەشە دژی نیزام» بە چوار مانگ و دە ڕۆژ زیندانی تَعزیری سزاد درابوو و لە ٢٥ی سەرماوەرزی ١٤٠٠، دوای تەواوبوونی ماوەی سزاکەی، لە زیندان ئازاد کرابوو.
