ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا زانیویەتی کە بەرەبەیانی شەممە ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی (٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، «هیرش شەریفیان»، مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی گوندی «پاڵنگان»ی سەر بە شاری کامیاران، دوای سەردانی بۆ ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات سەرەتا بە شێوەیەکی توندوتیژانە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی بنەماڵەیی ناوبراو لە گوندی پاڵنگان و بە شکاندنی دەرگای چوونەژوورەوە، ویستوویانە دەستبەسەری بکەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی هیرش لەو کاتەدا لە ماڵ نەبووە، داوایان لە بنەماڵەکەی کردووە کە دەبێت دەستبەجێ خۆی بە ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیاران بناسێنێت. هیرش شەریفیان هەمان ڕۆژ لەگەڵ باوکی سەردانی ئەو ناوەندە ئەمنییەی کردووە، بەڵام دوای چوونە نێو بیناکە دەستبەسەر کراوە.
دوای تێپەڕبوونی شەش ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنیدا، بنەماڵەی ئەم مێرمنداڵە هێشتا لە شوێنی ڕاگرتن، باری تەندروستیی جەستەیی و دەروونی، ئەو ناوەندەی فەرمانی دەستبەسەرکردنی دەرکردووە و ئەو تۆمەتەی ئەگەری هەیە خرابێتە پاڵی، بێئاگان. ئەم دۆخە، لە ڕوانگەی مافەکانی منداڵانەوە، جێگەی نیگەرانییەکی جیدییە و وەک «دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی»، بێبەشکردن لە پەیوەندیی بنەماڵەیی و پێشێلکردنی گەرەنتییەکانی دادرەسیی تایبەت بە منداڵان و مێرمنداڵان هەژمار دەکرێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە بەپێی ماددەی ٣٧ی کۆنڤانسیۆنی مافەکانی منداڵان، کە ئێران پێوەی پابەندە و بەپێی ماددەی ٩ی یاسای مەدەنی لە حوکمی یاسای ناوخۆدایە، دەستبەسەرکردنی منداڵ دەبێت تەنیا وەک «دوایین ڕێگە» و بۆ «کورتترین ماوەی گونجاو» بێت. هەروەها بەپێی ماددەی ٢٨٥ی یاسای دادرەسیی سزایی، لێکۆڵینەوەی سەرەتایی دەربارەی کەسانی تەمەن ١٥ تا ١٨ ساڵ دەبێت لە دادسەرای تایبەتی مێرمنداڵان ئەنجام بدرێت و بەپێی ماددەی ٢٨٧ی هەمان یاسا، ئەسڵ لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدا، سپاردنی منداڵ یان مێردمنداڵە بە دایک و باوک یان سەرپەرشتیاری یاسایی، نەک ڕاگرتنی ئەمنی لە شوێنێکی نادیار.
ڕەفتاری هێزە ئەمنییەکان لەم دۆسیەیەدا، لەوانەش هێرشی توندوتیژانە بۆ سەر ماڵ، گواستنەوە بۆ شوێنێکی نادیار، بڕینی پەیوەندیی بنەماڵە و نەبوونی دەستڕاگەیشتنی خێرا بە پارێزەر، لەگەڵ کەمترین گەرەنتییەکانی مافی منداڵ و دادرەسیی دادپەروەرانە ناگونجێت. دەستبەسەرکردنی مێرمنداڵێکی ١٧ ساڵ لە پرۆسەیەکی ئەمنیدا، بەبێ زانیاریبەخشینی شەفاف بە بنەماڵە و بەبێ چاودێریی ناوەندی پسپۆڕی مێردمنداڵان، بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆ دەخاتە ئەستۆی بەرپرسانی دادوەری و ئەمنیی پارێزگاکە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داواکاری گشتیی پارێزگای کوردستان و بەڕێوەبەری گشتیی ئیتلاعاتی پارێزگاکە بە بەرپرسیاری ڕاستەوخۆی پاراستنی تەندروستیی جەستەیی و دەروونیی «هیرش شەریفیان» دەزانێت و داوای ڕاگەیاندنی دەستبەجێی شوێنی ڕاگرتن، دابینکردنی مافی دەستڕاگەیشتنی بنەماڵە و پارێزەر، ڕەچاوکردنی دادرەسیی تایبەت بە منداڵان و مێرمنداڵان و ئازادکردنی بێمەرجی ناوبراو دەکات.
