سزای لێدانی ٧٤ قەمچی لە دوکتور ناسر فەهیمی بەڕێوەچوو 

هانا: بەپێی ئەو هەواڵانەی گەیشتوون، سزای لێدانی ٧٤ شێلاق لە دوکتور ناسر فەهیمی بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی گەورەی تاران، سەرەڕای ناجێگیر بوونی باری تەندروستی و نەخۆشینی دڵی ناوبراو، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠١ – (٩ی ژولای ٢٠٢٢) لە کردەوەیەکی نامرۆڤانەدا لەلایەن بەرپرسانی قەزایی و بەرپرس و بەڕێوەبەرانی بەندیخانەوە بەڕێوەچوو. بەپێی ئەو هەواڵانە دۆخی تەندروستی ناوبراو پاش بەڕێوەچوونی سزاکە زۆر خراپە. 

ناسر فەهیمی بەندکراوی سیاسی لە بڕیارێکی نادادپەروەرانەدا بە تۆمەتی هەڕەشەی مەرگ و سووکایەتی بە دادوەرەکانی دەزگای دادی حکومەتی ئیسلامی ئێران، سزای ٦ مانگ بەندکران و لێدانی ٧٤ قامچی بەسەردا سەپابوو و رێکەوتی ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠١ سزای لێدانی قامچییەکان بەڕێوەچوو. 

ئەم بەندکراوە سیاسییە گەلێک جار لەلایەن بەرپرسانی باڵای دەزگای قەزایی و دادی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە هەڕەشەی لێ کراوە. لە ئاکامی ئەم هەڕەشە و گوڕشە دوژمناکارانەیەدا لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی تارانی گەورە بۆ وێنە حاجی مزدارانی لە بەشی بەڕێوەبەرایەتی بەندیخانە، مورتەزا موسەوی حەسەب لە بەشی بەڕێوەبەرایەتی سزاکان و حەمید رەزا کیانی جێگری دادی بەندیخانە بە شێوەی جۆراوجۆر "دوکتور ناسری فەهیمی"یان ئەشکەنجە و ئازار داوە و تووشی کێشە و گرفتیان کردووە. 

لەم راپۆرتەدا پشتڕاست کراوەتەوە، بەرپرسانی حکومەت بەردەوام خەریکی هەڕەشەن و لە رێگای ئیدارەی لێپرسینەوە و پاراستنی ئیتلاعاتی بەندیخانەوە فەرمانی کردەوەی نامرۆڤانەتر و بێبەش کردنی زیاتری ئەو شارۆمەندەیان لە مافە ئینسانییەکانی دەرکردووە. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular