هانا: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧ی گوڵانی ١٤٠١- (١٧ی مەی ٢٠٢٢)، مەئموورانی ئیتلاعاتی سپا هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی “گوڵنار قەدیم خانی و مزەفەر ساڵح نیا” و دەستیان کردووە بە پشکنینی ماڵەکەیان و رایانگەیاندووە حوکمی داواکردنی “گوڵنار قەدیم خانی” هاوسەری “مزەفەر ساڵح نیا”یان پێیە. بەڵام دوای پشکنینی ماڵەکەیان دەستیان بەسەر بڕێک کەلوپەلدا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە و رۆیشتوون.
بەپێی ئەم راپۆرتە، دواتر لە رێگای پێوەندییەکی تەلەفونییەوە داوایان کردووە "گوڵنار قەدیم خانی" سەردانی ئیتلاعاتی سپا بکات. پاش سەردانی ناوبراو بۆ ئیتلاعاتی سپا، تا ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە هێشتا هەر لە ئیتلاعاتە و هیچ زانیارییەکیان سەربارەت بە چارەنووسی ناوبراو نەداوە بە بنەماڵەکەی.
شایانی باسە، گوڵنار قەدیم خانی لە مامۆستایانی دێرین و خۆشناوی خوێندنگەکانی سنەیە و مزەفەر ساڵح نیا لە ئەندامانی لێژنەی بەڕێوەبەری سەندیکای ئازادی کرێکارانی ئێرانە.
