بەپێی ئەو زانیارییانەی گەشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا ژمارەیەک لە دانیشتووانی گوندەکانی دەوروبەری بۆکان،لە ئەنجامی هەژاری،بێکاری و سەختییەکانی بژێوی ژیان ڕوویان لە بڕینەوە و فرۆشتنی داربەڕووەکان کردووە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان. ئەم دۆخە سەرەڕای مەترسی بۆ سەر ڕووبەری دارستانەکانی ناوچەکە،نیشاندەری گوشارە ئابوورییەکانە بۆ سەر کۆمەڵگا گوندنشینەکان.
داربەڕووەکان ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە پاراستنی خاک،ڕێگریکردن لە داخوران و سەقامگیریی ژینگەی ناوچەکە. بڕینەوەی ئەم دارانە بە سەرنجدان بەو کاتە درێژەی کە بۆ سەرلەنوێ شینبوونەوە و بووژانەوەی دارستانەکانی بەڕوو پێویستە دەکرێت لێکەوتەی ژینگەیی درێژخایەنی بۆ دانیشتووانی ناوچەکە و نەوەکانی داهاتوو هەبێت.
لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە،مافی بەهرەمەندبوون لە ژینگەیەکی تەندروست،یەکێکە لەو مافانەی کە لە ئەدەبیاتی یاساییدا لە ژێر ناوی مافەکانی هاوپشتی یان نەوەی سێهەمی مافەکانی مرۆڤدا لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت.ئەم مافە سەرەڕای بەرژەوەندییە تاکەکەسییەکان پەیوەندی بە مافە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگاکان و بەرپرسیارێتی پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان بۆ نەوەکانی داهاتووەوە هەیە.کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە بڕیارنامەی ٧٦/٣٠٠ی پەسەندکراوی ساڵی ٢٠٢٢دا مافی بەهرەمەندبوون لە ژینگەیەکی پاک،تەندروست و بەردەوامی وەک یەکێک لە مافەکانی مرۆڤ بە فەرمی ناساندووە.لەسەر ئەم بنەمایە،تێکدانی دارستانەکانی بەڕوو تەنها بابەتێکی ژینگەیی نییە،بەڵکوو دەکرێت بەهرەمەندبوونی کۆمەڵگە خۆجێییەکان و نەوەکانی داهاتوو لەم مافە بخاتە ژێر مەترسییەوە.
هانا جەخت دەکاتەوە کە پاراستنی دارستانەکان نابێت تەنها لە ڕووبەڕووبوونەوەی دانیشتووانە بێبەشەکانی گوندەکاندا کورت بکرێتەوە.حکومەت ئەرکی سەرشانیەتی کە لە پاڵ پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکاندا بە گرتنەبەری سیاسەتی کاریگەر بۆ کەمکردنەوەی هەژاری،ڕەخساندنی هەلی کار و دابینکردنی بژێویەکی بەردەوام ڕێگری بکات لە کەوتنی هاووڵاتیان ناو دۆخێکەوە کە مانەوەی ئابوورییان بەستراو بێت بە تێکدانی ژینگەوە.تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە،ئامارێکی ورد لەسەر ژمارەی دارە بڕاوەکان و ڕێژەی زیانە گەیشتووەکان لە بەردەستدا نییە.
