دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٥ سزای سێدارەی سەید عەلیسینا مستەفەوی شاخەوانی لێهاتوو و هیمالیانەوەردی ٣٨ ساڵەی خەڵکی بەمی لە کرمان جێبەجێ کرد.
ئەم لەسێدارەدانە لە درێژەی ڕەوتی ڕوولەزیادی دەرکردن و جێبەجێکردنی حوکمەکانی مەرگ لە دۆسیە سیاسی و ئەمنییەکاندا ئەنجام دراوە.
مستەفەوی ڕۆژی ٥ی بانەمەڕی ١٤٠٥ دەستبەسەر کرا و لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی کرمان بە سەرۆکایەتیی هادی ئاغایی بە تۆمەتی مۆحاربە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. حوکمە دەرکراوەکەش ڕۆژی ٦ی ڕەزبەر لە لقی ٤١ی دیوانی باڵای وڵاتدا پشتڕاست کرایەوە.
دەزگای دادوەری ئەو بە تەقەکردن و بریندارکردنی چەند هاووڵاتییەک تۆمەتبار دەکات و لە هەمان کاتدا بەشداریکردن لە خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانبار و ناردنی وێنە بۆ میدیاکانی دەرەوەی وڵاتی لە گێڕانەوەی تۆمەتەکانیدا جێگیر کردووە.ئەم دەزگایە،دانپێدانانەکانی تۆمەتبارەکەی وەک بەڵگەی مەحکوومکردنی ناساندووە لە کاتێکدا ڕاپۆرتگەلێک سەبارەت بە لێدان و ئەشکەنجەدان لە کاتی دەستبەسەرکردن و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ بڵاو کراونەتەوە.تا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە کە بانگەشەکانی ئەشکەنجەدان چۆن و بە چە گەرەنتییەک بە شێوەیەکی سەربەخۆ لێکۆڵینەوەیان لێ کراوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە پشتڕاستکردنەوەی حوکمی لەسێدارەدان لە دیوانی باڵای وڵاتدا،بەبێ سەلماندنی بڕواپێکراویی بەڵگەکان،ڕاگەییشتنی کاریگەر بە بانگەشەکانی ئەشکەنجەدان و گەرەنتیی بەرگریی سەربەخۆ،ناتوانێت شەرعییەت ببەخشێتە حوکمێک کە ژیانی مرۆڤێک لێ دەسەنێتەوە.
