بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، بەیانیی دووشەممە ١٣ی ڕەزبەری ١٤٠٥ مریەم (فاطمە) یارمحەمەدی، ژنی ٢٨ ساڵەی خەڵکی لوڕستان و دایکی دوو منداڵ لە ماڵەکەی خۆیدا لە دورگەی قیشم بە چەندین لێدانی چەقۆ لەلایەن براکەیەوە کوژراوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانە، هێرشبەرەکە بە مەبەست ئەندامی زاوزێ، مەمکەکان و گەردنی مریەمی بە چەقۆ بڕیوەتەوە.
هەروەها ڕاگەیەندراوە کە هاوسەرەکەی بە دەرکردنی منداڵەکان لە ماڵەوە،ڕۆڵی هەبووە لە ڕەخساندنی هەلومەرجی ڕوودانی ئەم تاوانە.
پاڵنەری ئەم کوشتنە،ئەوەی کە پێی دەوترێت (پاراستنی شەرەف) ڕاگەیەندراوە.لەوە دڵتەزێنتر ئەوەیە کە بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، ژمارەیەک لە خزمانی مریم نەک هەر ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە کوشتنی ئەو دەرنەبڕیوە،بەڵکو بە ناڕەزایەتیدربڕین بەرامبەر بە دەستبەسەرکردنی تاوانباران،مەرگیان بە کەمترین سزای بۆ زانیوە.
ئەم تاوانە نواندنێکی ترسناکە لە کولتوری خاوەندارێتیی نامووسی ئەو پەیوەندییانەی تێیدا ژن نەک وەک مرۆڤێکی سەربەخۆ و خاوەن ماف لەسەر جەستە و ژیانی خۆی،بەڵکوو وەک موڵکی پیاوانی خێزان سەیر دەکرێت و تەنانەت کوشتن و دەستدرێژیکردن بۆ سەر ئەندامە زاوزێیەکانیشی دەتوانرێت بە ناوی بەرگریکردن لە حەیسیەتی خێزانی پاساو بۆ بهێنرێتەوە.
لە ئێراندا سەرەڕای تاوان ناساندنی کوشتنی بەمەبەست،هێشتا یاسایەکی گشتگیر و کاریگەر بۆ پێش پێگرتن لە توندوتیژی دژی ژنان و پشتگیریکردن لە قوربانییەکانی نییە.بەردەوامیی ڕێساکانی جیاکارانە و نەبوونی سازوکاری پشتگیریی کاریگەر،لە پاڵ قبوڵکردنی کۆمەڵایەتیی توندوتیژیی نامووسی،ئاسایش و مافی ژیانی ژنانی خستووەتە ژێر هەڕەشەیەکی جدییەوە.
لە ڕوانگەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هاناوە کوشتنی مریەم یارمحەمەدی تەنها تاوانێکی خێزانی نییە بەڵکوو نیشانەیەکە لەو پەیوەندییانەی کە تێیدا بانگەشەی خاوەندارێتیی پیاوان بەسەر جەستە و ژیانی ژناندا تا ئاستی سەندنەوەی مافی ژیانیان پێش دەکەوێت.
