لقی چوارەمی جێبەجێکاری سزاکانی سنە لە ڕێگای ئاگادارینامەیەک لە ڕێکەوتی ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٥،داوای ڕادەستکردنی شەهرزاد ڕەزایی، چالاکی مەدەنی خەڵکی سنە و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ژینا و بەفرانباری ١٤٠٤ی بەم لقە کردووە.
لە ئاگادارینامە دەرکراوەکەدا، تۆمەتگەلێکی وەک کۆبوونەوە و پلانگێڕی، ئەندامێتی لە گروپە ئۆپزۆسیۆنەکانی وڵات و پرۆپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی خراونەتە ڕوو.
شەهرزاد ڕەزایی بۆ یەکەمجار لە ٥ی ڕەزبەری ١٤٠١ دەستبەسەر کرا و جارێکی دیکە لە ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤ لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و دوای نزیکەی مانگێک بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. ئەو باسی لە ئەشکەنجەدان لە سەردەمی دەستبەسەری، بێبەشکردن لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی و بەردەوامیی هەڕەشە ئەمنییەکان دوای ئازادبوونی کردووە.
بە وتەی ڕەزایی،هێزە ئەمنییەکان دوای ئازادبوونی بۆ دەستبەسەرکردنی دوو منداڵە ١٦ ساڵانەکەی سەردانی ماڵی بنەماڵەکەیان کردووە.بەردەوامی ئەم گوشارانە سەرەنجام بووەتە هۆی چوونەدەری خۆی و بنەماڵەکەی لە ئێران.
دەرکردنی ئاگادارینامەی نوێ لەو بارودۆخەدا کە ئەم چالاکە مەدەنییە لە دەرەوەی وڵات دەژیت،نیشانەی بەردەوامی بەدواکەوتنی یاساییەتی.
پەرەسەندنی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان بۆ سەر منداڵان و ئەندامانی بنەماڵەی تۆمەتبارێکی سیاسی،پرسیاری جیدی لەسەر ڕەچاوکردنی ئەسڵی شەخسیبوونی بەرپرسیارێتی تاوانکاری و قەدەغەکردنی گوشار خستنە سەر خزم و کەسوکار دروست دەکات.
