هانا: بەپێی هەواڵێک کە لە لایەن “ئاسۆ نیوز”ەوە بڵاوبۆتەوە، دوابەدوای ناڕەزایەتی سەراسەری ئەم دواییانەی مامۆستایان و فەرهەنگییان لە ئێران، مامۆستایانی سنەش لە بەرامبەر بینای ئیدارەی فێرکردن و پەروەردەی ئەو شارە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.
رۆژی سێشەممە ٣٠ی خرمانانی ١٤٠٠ – (٢١ی سپتەمبری ٢٠٢١)، مامۆستایانی خوێندنگەکانی سنە هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی هاوپیشە و هاوچارەنووسەکانیان لە پارێزگا و شارەکانی ئێران، بە مەبەستی دەربڕینی داواکارییەکانیان و گەیاندنی دەنگی خۆیان بە بەرپرسان، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان وەڕیخست. مامۆستایان و فەرهەنگییانی ناڕازی خوازیاری بەڕێوەبردنی پڕۆژەی پلەبەندی بە رێژەی ٨٠ لە سەدی لێژنەی زانستی بۆ مامۆستان، بەڕێوەبردنی یەکسان کردنی هەقدەست و پاداشی کار بۆ مامۆستایانی خانەنشین و کۆمەڵێک داواکاری دیکە بوون.
