مەریوان: کوشتنی پەرستارێک لەلایەن دەستوپێوەندەکانی ئیتلاعاتەوە 

هانا: بەگوێرەی راپۆرتێک کە لە مەریوانەوە گەیشتووە، “سیروان نەسلی” لە نەخۆشخانەی “فەجر”ی ئەو شارە لە شوێنی کارەکەی لەلایەن دەستوپێوەندەکانی ئیتلاعاتەوە کوژراوە و تەرمی بێ گیانی ئەم شارۆمەندە کوردە هەر لە شوێنی کارەکەی دۆزراوەتەوە. 

رۆژی هەینی کاتژمێر ١٤:٣٠ی دوانیوەڕۆ هێزەکانی دەستوپێوەندی سپای پاسداران بە جلی مەدەنییەوە لە نەخۆشخانەی فەجر "سیروان نەسلی" پەرستاری ئەو نەخۆشخانەیان لە شوێنی کارەکەی کوشتووە. 
چەند رۆژ پێشتر سیروان نەسلی ژمارەیەک لە هاوکارانی خۆی لە هەڕەشەی هێزەکانی سپای پاسداران ئاگادار کردبۆوە. ناوبراو گەلێک جار رەخنەی لە بەرپرسانی نەخۆشخانەکە گرتبوو و هەروەها چەندین کەڕەت لەگەڵ هێزەکانی "حەراسەت"ی نەخۆشخانە کە سەر بە سپای پاسدارانن، تووشی کێشە ببوو و بۆ ماوەیەکیش لە سەر کارەکەی دەریانکردبوو. 

موختار ئەحمەدی چالاکی سیاسی خەڵکی مەریوان لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆیدا نوسیوێتی: ئەم جینایەتە دژی ئینسانییە، بە بێ هاوکاری دەستوپێوەندەکانی سپا و بەڕێوەبەرایەتی "حەراسەت"ی نەخۆشخانەی فەجر جێبەجێ نەدەکرا و ئیمکانی نەبوو. ئەم جینایەتە لە درێژەی کوشتار و قەتڵە زنجیرەییەکانی ساڵانی دواییدایە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەڕێوەدەچوو.  
 

RELATED ARTICLES

Most Popular