هانا: رۆژی دووشەممە ٢٧ی گوڵانی ١٤٠٠ – (١٧ی مەی ٢٠٢١) شارۆمەندێکی کورد لەلایەن چەند کەسی سەر بە گورووپە سەلەفییەکانەوە هێرشی کراوەتە سەر و بریندار بووە.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردەی بریندار بووە "شێرزاد" راگەیەندراوە.
بەپێی ئەو راپۆرتانەی بۆ هانا هاتوون، چەند کەسی سەلەفی لە گەڕەکی "چوار باخ"ی مەریوان هەڵیانکوتاوەتە سەر ناوبراو و لە ئاکامدا بە توندی بریندار بووە.
هەروەها جێگای ئاماژەیە شاهیدانی ئەم رووداوە دەڵێن: سەلەفییەکان تا نەخۆشخانە وەدوویان کەوتوون و بە وتنەوەی دروشمی وەک "ئەمە کافرە و دەبێ بکوژرێ" بەتەمای ئەوە بوون ئەو لاوە بکوژن.
هەروەها دەڵێن ئەو سەلەفییانە بە مەبەستی کوشتنی "شێرزاد" خۆیان بە نەخۆشخانەی مەریواندا کردووە بەڵام لەلایەن فەرمانبەرانی نەخۆشخانەوە بەریان پێ گیراوە و نەیانهێشتووە بچنە ژوور.
جموجۆڵی سەلەفییەکان لەم ساڵانەی دواییدا لە کوردستان بە مەبەستی دروست کردنی ترس و سام، بووەتە هۆی پێکهێنانی کەشی نائەمن و نیگەرانی لە نێو خەڵکدا. ئەوە لە حاڵێکدایە بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە، پاراستنی ئەمنییەت و ئاسایشی شارۆمەندان ئەرکی سەر شانی حکومەتی وڵاتەکانە. کەچی حکومەت لە ئاست جموجۆڵ و هەڵسووڕانی سەلەفییەکان بێدەنگە و پێشیان پێ ناگرێ. ئەمەش ناڕاستەوخۆ پشتگیری و لایەنگرییە لە گورووپە سەلەفییەکان و شەریک بوونی حکومەتە لە خوڵقانی ئەم کەشە نائەمنە بۆ شارۆمەندان.