بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون، ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی، هیوا عەبدوڵڵاهی، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، لە شوێنی کارەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مەئموورەکان بەبێ خستنەڕووی حوکمی دادگا ئەم هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە. لە کاتی دەستبەسەرکردنییەوە تا ئێستاش، هیچ زانیارییەک دەربارەی شوێنی ڕاگرتن و دۆخی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
هیوا عەبدوڵڵاهی دوای دەستبەسەرکرانی لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی یان چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە و دەستی بە وەکیلیش ڕانەگەیشتووە. هەروەها بنەماڵەکەی تا ئێستا سەرکەوتوو نەبوون لە بەدەستهێنانی هیچ زانیارییەکی ڕوون دەربارەی دۆخی کەیسەکەی و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆڕتە، هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتە ئەگەرییانەی خراونەتە پاڵ هیوا عەبدوڵڵاهی نادیارن و ناوەندە بەرپرسەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە دەستبەسەرکردن و دۆخی یاساییی ناوبراو نەداوە.
