بەپێی زانیارییەکانی هانا، ئێوارەی ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٥، گەنجێکی ١٩ ساڵە لە هەوارگەی «فامیلیلەند» لە سنە، کەوتووتە بەر هێرشی چەند کەس و بەهۆی قووڵی برینەکانی بۆ نەخۆشخانە گوازراوەتەوە.
هەواڵەکان باس لەوە دەکەن ئەم هێرشە لە لایەن کەسانێکی سەر بە ڕەوتە سەلەفییەکان ئەنجام دراوە و کەسێک بە ناوی «ئەبوبەمحەممەد» کە بە «شەهرام» ناسراوە، یەکێک لە هێرشبەرەکانە .
تا ئێستا زانیارییەکی ورد دەربارەی هۆکاری هێرشەکە و دۆخی جەستەیی بریندارەکە بە هانا نەگەیشتووە.
ئەم ڕووداوە لە حاڵێکدا ڕوویداوە کە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕاپۆرتی زۆر دەربارەی چالاکی ڕەوتە توندڕەو و سەلەفییە جیهـادییەکان لە سنە و ناوچەکانی دیکەی کوردستان بڵاوکراونەتەوە. هانا پێشتریش نیگەرانیی خۆی دەربارەی شێوازی مامەڵەکردنی دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەم ڕەوتانە دەربڕیوە.
دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی هەر چەشنە چالاکی سیاسی دژبەر یان ڕەخنەگرانە بەرامبەر حکومەتیان بە شێوەیەکی بەرفراوان سنووردار کردوە و بە دەستبەسەرکردن و مامەڵەی توند وڵامیان داوەتەوە ، بەڵام سەبارەت بە چالاکی ڕەوتە توندڕەو و سەلەفیەکان سەرەڕای ئاشکرابوونی چالاکییەکانیان ، هەمان ئاستی ئەمنی بەکار نەهێناوە .
