به پێی ئەو زانیارییانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون، نیشانی دەدەن کە بە تێپەڕبوونی نزیکەی دوو مانگ بەسەر دەستبەسەرکردنی ئازاد محەممەدی، هاووڵاتیی خەڵکی دیواندەرە، بنەماڵەکەی هێشتا لە شوێنی ڕاگرتن و دۆخی ناوبراو بێئاگان و بەدواداچوونە بەردەوامەکانیان لە ڕێگەی ناوەندە ئەمنییەکان و ناوەندە قەزایییەکانەوە تا ئێستا بێئاکام ماوەتەوە.
ئازاد محەممەدی، وەستای گەچکاری و باوکی چوار منداڵ، ڕۆژی چوارشەممە ٧ی گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی لەلایەن هێزە جلوبەرگشەخسییەکانەوە دەستبەسەر کرا. بەپێی زانیارییە وەرگیراوەکان، مەئموورەکان بەبێ خستنەڕووی حوکمی دادگا ناوبراویان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا چەندین جار بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو سەردانی ناوەندە پێوەندیدارەکانیان کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ یەک لەم بەدواداچوونانە وەڵامێکی ڕوونیان لێ نەکەوتووەتەوە. درێژەکێشانی ئەم بێهەواڵییە، نیگەرانیی بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراوی زیاتر کردووە.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتە ئەگەرییانەی خراونەتە پاڵ ئازاد محەممەدی ڕانەگەیەندراون و ئەو ناوەندە قەزایییەی کە لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی دەکات، هێشتا نادیارە.
هەروەها هیچ زانیارییەک لەسەر دەستڕاگەیشتنی ناوبراو بە وەکیل یان دەرفەتی پەیوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکەی لەبەر دەستدا نییە؛ دۆخێک کە بە کردەوە بەدواداچوونی یاساییی کەیسەکەی و ئاگاداربوون لە ڕەوتی دەستبەسەریی ناوبراوی ڕووبەڕووی سنوورداریی جیدی کردووەتەوە.
