ڕاپۆرتی هانا سەبارەت بە هێرشی یەکەیەک لە هێزە «جاش»ەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسی لە پیرانشار

لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانەی کە هانا لە سەرچاوەکانی خۆیەوە وەریگرتوون، بەرەبەیانی شەممە ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی، هێزە «جاش»ەکانی سوپای پاسداران لە پیرانشار، لە چەند کردەوەیەکی هاوکاتدا، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی کەسوکاری ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسیی دانیشتووی دەرەوەی ئێران.

لەم هێرشانەدا، چەندین کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکان، لەوانەش ژنان، منداڵان و کەسانی بەساڵاچوو، کەوتوونەتە بەر لێدان و کوتان و زیانی جیدی بە ماڵ و دارایییەکانیان گەیشتووە.
یەکێک لەو ماڵانەی هێرشی کراوەتە سەر، ماڵی دایک و باوکی بەساڵاچووی ئارام گەردی بووە. بەپێی زانیارییە تۆمارکراوەکان لەلایەن هاناوە، هێزە هێرشبەرەکان دوای چوونە نێو ماڵەکە، دایک و باوکی ناوبراویان بە سەختی داوەتە بەر لێدان و ئاستی برینەکانیان هێندە قورس بووە کە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی سەردانی ناوەندی دەرمانییان کردووە. لە کاتی هێرشەکەدا، کەلوپەلی ناوماڵ تێک دراون، دەرگا و پەنجەرە و شووشەی ئۆتۆمبێل شکێندراون و بەشێک لە بیناکەش ئاگر تێبەردراوە.
لە هێرشێکی دیکەدا، ماڵی بنەماڵەی برای محەممەد باڵدار کراوەتە ئامانج. ئەندامانی ئەم بنەماڵەیەش کەوتوونەتە بەر لێدان و ژمارەیەک لەوان بەهۆی قورسیی برینەکانیان لە نەخۆشخانە خەوێندراون.

زانیارییەکانی هانا هەروەها باس لە تێکدانی بەرفراوانی کەلوپەلەکان و گەیاندنی زیانی جیدی بە ناوماڵەکەیان دەکەن. هانا کۆمەڵێک وێنەی پەیوەندیدار بە لێکەوتەکانی ئەم هێرشانەی پێ گەیشتووە کە برینی سەر و دەموچاوی هەندێک لە قوربانییەکان، تێکدانی کەلوپەلی ماڵەکان، شکاندنی دەرگا و پەنجەرەکان، زیانی ئۆتۆمبێل و ئاسەواری ئاگرکەوتنەوە لە بەشێکی یەکێک لە بیناکاندا نیشان دەدەن.


ئەوەی لەم هێرشانەدا ڕووی داوە، تەنیا بەکارهێنانی ناهاوسەنگی هێز نییە؛ چوونە نێو ماڵی کەسەکان بە چەکەوە، لێدانی ئەندامانی بنەماڵەیەک کە خۆیان بابەتی هیچ تۆمەت یان فەرمانێکی دادوەریی ڕاگەیەندراو نین، تێکدانی دارایییەکان و سووتاندنی ماڵ، کۆمەڵێک کردەوەی دەرچوو لە سنوورە یاسایییەکانن کە تەنانەت بە کەمترین گەرەنتییە دیاریکراوەکانی ناو یاساکانی کۆماری ئیسلامیش پاساو نادرێن. پارێزراویی گیان، ماڵ و نیشتەجێبوونی کەسەکان و قەدەغەی سزادانی تاکەکان بەبێ حوکم و ڕێوشوێنی یاسایی، ئەو بنەمایانەن کە یاسا ناوخۆیییەکانی کۆماری ئیسلامیش بە ڕاشکاوی دانیان پێدا ناوە.
لەم حاڵەتانەدا، توندوتیژییەکە ڕاستەوخۆ ئاراستەی کەسوکاری چالاکانی سیاسیی دەرەوەی وڵات کراوە. سەپاندنی گوشار بۆ سەر دایک و باوک، ژنان و منداڵان بەهۆی چالاکیی سیاسیی یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵە، فاقدی هەر جۆرە بنەمایەکی یاسایییە و بە کردەوە بنەماڵە دەکاتە ئامرازێک بۆ سزادان، هەڕەشە و گوشار خستنە سەر کەسێکی دیکە. ئەم شێوازە نەک هەر هەنگاوێکی ئەمنی نییە، بەڵکوو بەکارهێنانی هەڕەمەکیی دەسەڵاتە دژی ئەو کەسانەی کە بەرپرسیار نین بەرانبەر بە چالاکیی سیاسیی کەسوکاریان.
بەرپرسیارێتیی ئەم کردەوانەش تەنیا لەسەر ئەو هێزانە نییە کە لە شوێنەکەدا ئامادە بوون. ئەنجامدانی وەها ئۆپەراسیۆنێک لەلایەن هێزە «جاش»ەکانی سوپای پاسدارانەوە، بەرپرسیارێتیی فەرماندە و بەرپرسانێک کە ئەم هێزانە لەژێر فەرمان و دەسەڵاتی ئەواندا کار دەکەن، ڕاستەوخۆ دەخاتە ڕوو. پارێزراو بوونی ئەنجامدەران و بڕیاردەرانی وەها هێرشێک لە وەڵامدەرەوەبوون، بە واتای فەراهەمکردنی زەمینەی دووبارەبوونەوەی توندوتیژی دەبێت دژی بنەماڵەی چالاکانی سیاسی.
هانا وێڕای شەرمەزارکردنی ئەم هێرشانە، داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی دەستدرێژی بۆ سەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسی، دابینکردنی ئاسایشی قوربانییەکان، پاراستنی بەڵگە پزیشکییەکان و بەڵگەنامەکانی پەیوەندیدار بە زیانەکان، قەرەبووکردنەوەی زیانە جەستەیی و دارایییەکان و وەڵامدەرەوەکردنی ئەنجامدەران، بڕیاردەران و بەرپرسانی ئەم کردەوانە دەکات.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین