جموجۆڵی سەلەفییەکان لە کرماشان 

هانا: لە ماوەی رۆژانی رابردوودا سەلەفییەکانی کرماشانیش دەستیان کردووەتەوە بە جموجۆڵ و بە خۆتێهەڵقوتاندن لە ژیان و گوزەرانی خەڵک و بوونە مایەی بێزاری هاووڵاتییان. 

هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە کرماشان رایانگەیاند، سەلەفییەکانی ئەو شارە خۆ لە ژیانی خەڵکی ناوشار هەڵدەقورتێنن و هەر کەس گوێ لە موزیک بگرێ یا شتێک بخوات هەڕەشەی لێ دەکەن. بەپێی ئەم راپۆرتە سەلەفییەکان هەڕەشەی سەر بڕین و کوشتنیان لە خەڵک کردووە و ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتیش لە ئاست هەڕەشە و جموجۆڵی سەلەفییەکان بێدەنگن. 
جێگای ئاماژەیە پێشتریش سەلەفییەکان لە شارەکانی کرماشان، سەلاسی باوەجانی، سەقز، مەریوان لەگەڵ شارۆمەندان تێکهەڵچووبوون و رێکەوتی ٢٧ی رەشەممەی ١٣٩٩ بە هۆی ئەم تێکهەڵچوونانە ٣ کەس لە کرماشان بریندار بوون. 
ناسنامەی ئەو شارۆمەندانە "ئەشکان عەزیزی، عەلیشا نادری و عەلی" بوون. 
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا پێشتر لەم بارەوە رای گشتی لە ئاکامە مەترسیدارەکانی جموجۆڵی سەلەفییەکان و بێدەنگی ناوەندە دەوڵەتییەکان و میدیاکان ئاگادار کردبۆوە. 
جێگای ئاماژەیە سەلەفییەکان لە گەڕەکی دارسەیرانی مەریوان بە بانگی "ئەڵڵاهو ئەکبەڕ" هەوڵی سەر بڕینی شارۆمەندێکیاندا بە ناوی "جەماڵ فەیزی" و ئەم کردەوەیە کاردانەوەی شارۆمەندان و دۆستانی ناوبراوی لێکەوتەوە و بە خۆشییەوە پێشیان بەم کارەی سەلەفییەکان گرت و ئەم رووداوە هەڵویست و کاردانەوەی جۆراوجۆری لێکەوتەوە.  
شایانی باسە دابینکردنی ئەمنییەت و ئاسایشی شارۆمەندانی ئەرکی سەر شانی حکومەتی وڵاتەکانە و ئازادی هەڵبژاردنی دین یا بیروباوەڕ لە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤە لە هەر کۆمەڵگایەکدا.  

RELATED ARTICLES

Most Popular