بەشداریی وتەبێژی مافی مرۆڤی هانا لە کۆنفڕانسێک لەسەر پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئیران 

هانا:  بەشداریی وتەبێژی مافی مرۆڤی هانا  لە کۆنفڕانسی ئانلاین لە سەر: پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و دیپڵۆماسی حکومەتی سوید. 

رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ – (١٥ی ئاوریلی ٢٠٢١) کاتژمێر ١٨ تا ٢٠ بە کاتی ناوەندی ئوروپا، کۆنفڕانسێکی ئانلاین لە سەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و دیپڵۆماسی حکومەتی سوید بەڕیوەچوو. باسکارەکانی ئەم کۆنفڕانسە بریتی بوون لە مایا ئۆ بەری نوێنەری رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ئاننیکا بێن داود باڵوێزی وەزارەتی دەرەوە بۆ مافەکانی مرۆڤ و دێموکڕاسی و دەسەڵاتی یاسا لەلایەن پارتی سوسیال دێموکڕاتەوە، کامیلا هانسێن پاڕلمانتاری پارتی سەوز، هۆکان سڤێننەلینگ وتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی پارتی چەپی سوید و پاڕلمانتاری ئەو حزبە و چەند باسکاری دیکەش. هەوەها کۆمەڵیکی زۆر لە چالاکانی سیاسی، مەدەنی و مافی مرۆڤ  لەم کۆنفڕانسەدا بەشدارییان کردبوو. 
لەم کۆنفرانسەدا لە سەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و هەڵوێستی پارتەکان و حکومەتی سوید باس کرا. باسکارانی ئەم کۆنفڕانسە لە سەر باردۆخی خراپ و نالەباری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران ئاخاڤتن و زۆربەی باسکارەکان پێیان وابوو حکومەتی سوید دەتوانێ دەور و نەخشی خۆی بگێڕێ و بە هاوکاری وڵاتانی ئوروپا و پاڕلمانی یەکێتی ئوروپا گوشار بخەنە سەر ئێران بۆ باشتر بوونی دۆخی مافی مرۆڤ لەم وڵاتە. 
شایانی باسە کاک پشکۆ خوسرەوی وتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لەم کۆنفڕانسە ئانلاینەدا بەشداری کرد و لە سەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە لە کوردستان و هەڵوێستی باسکارانی ئەم کۆنفڕانسە پرسیاری کرد کە لەلایەن نوێنەری رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی مایا ئۆ بەری وەڵامی درایەوە. نوێنەری رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە وەڵامەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان بە وردی ئاگاداری ئەوە هەن کە کەمایەتییەکان لە ئیران گوشاری زیاتریان لە سەرە و کوردەکان و بلوچەکان لەچاو باقی بەشەکانی دیکەی ئێران زەختی زیاتریان لەسەرە و مافیان پتر پێشێل دەکرێ. 
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular