بۆکان: گیانلەدەستدانی دوو کرێکار بە هۆی برق گرتنەوە  

هانا: رۆژی دووشەممە ٢٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ بەرامبەر بە ١٢ی ئاوریلی ٢٠٢١، دوو کرێکار لە بۆکان بە هۆی رووداوی کارەباوە گیانیان لەدەستدا. 

ناسنامەی ئەم ٢ کرێکارە هێشتا بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان روون نییە. 
بە پێی ئەو راپۆرتانەی گەیشتوون، ئەم ٢ کرێکارە لە کاتی کۆکردنەوەی دەزگاکانی هێڵی بەرهەمهێنەر لە کارگایەکی ناچالاکی (شەهرەکی سەنعەتی) شارۆچکەی پیشەسازی، برق گرتوونی و لە ئاکامدا گیانیان لەدەستداوە. 
پێشتر ئەو کارگایە لەبەردەستی کەسێکدا بووە کە خەڵکی تەورێز بووە و ئەو دوو کرێکارەی بۆ کۆکردنەوەی کەلوپەل و پارچەی دەزگا کارەباییەکان رەوانەی ئەو کارگایە کردووە. 
یەکێک لە کرێکارەکان لە هەسێڵ یا حەوزێکدا کە گۆیا کارەبای پێوە بووە، تووشی ئەم رووداوە هاتووە و برق گرتوویە و گیانی لەدەستداوە. کرێکارەکەی دیکەش بە مەبەستی فریاکەوتن و رزگارکردنی هاوکارەکەی، چووەتە ناو ئەو حەوزەوە و لە ئاکامدا ئەویش هەر کارەبا گرتوویە و چەند کاتژمێر دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە. 
پێڕانەگەیشتنی رێکوپێکی بەرپرسان بە سەر شێوەی کار و دۆخی کرێکاران و ئەمنییەتی شوێنی کار، لەولاشەوە کەمتەرخەمی خاوەنکاران لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەبوونی ئەمنییەتی شوێنی کارە و ئەم بارودۆخە بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لە کرێکار لە ساڵدا بە هۆی رووداوی شوێنی کار گیانیان لە دەست بدەن یا بریندار بن. هەر بۆیە وڵاتی ئێران لە باری ئەمنییەتی شوێنی کارەوە لە سەر ئاستی جیهان لە پلەی ١٠٢دایە و بووەتە وڵاتێکی زۆر نائەمن بۆ کرێکاران.   
 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular