هانا: رۆژی دووشەممە ٢٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ بەرامبەر بە ١٢ی ئاوریلی ٢٠٢١، شارۆمەندێکی کوردی خەڵکی دیواندەرە لە سێدارە درا.
ناسنامەی ئەو شارۆمەندە کوردە "ئەرسەلان مرادی" کوڕی "عەبدوڵڵا مرادی" و خەڵکی دیواندەرە راگەیەندراوە.
بە گوێرەی ئەو راپۆرتانەی هاتوون، "ئەرسەلان مرادی" پێشتر لەلایەن دەزگای داد و قەزایی حکومەتی ئیسلامی ئیرانەوە بە تۆمەتی پێوەندیدار بە مادەسڕکەرەکان سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو. بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە ٢٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٠، سزای سێدارەی ناوبراو لە بەندیخانەی ناوەندیی "بیرجەند" لە خوراسانی باشوور بەڕێوەچووە.
ئەم ئێعدامانە لە حاڵێکدا بەڕێوەدەچن کە بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی حکومەت خۆیان دانیان بەوەداناوە کە سپاندنی سزای سێدارە بۆ فرۆشیاران و قاچاغچییانی مادەسڕکەرەکان تا ئێستان نەتەنیا هیچ کاریگەرییەکی بۆ بەرگرتن و کەم کردنەوەی نەبووە بەڵکوو ئاکامی پێچەوانەی بووە.
شایانی باسە وڵاتی ئێران دوای چین پلەی دوویەمی لە سەر ئاستی جیهان سەبارەت بە لەسیدارەدان و ئێعدام بۆ خۆی دەستەبەر کردووە و سەرەڕای دواکاریی و بانگەوازی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، بەڵام حکومەتی ئێران بە بەردەوامی لە سزای ئێعدام بە شێوەی جۆراوجۆر وەک ئامرازێک بۆ سزادانی شارۆمەندان بۆ تۆمەتە جۆراوجۆرەکان و تەنانەت بۆ بەندکراوانی سیاسیش کەڵک وەردەگرێ.