دەسبەسەرکردنی ١٣٨ شارۆمەندی کورد لە پارێزگاکانی کوردستان لە ماوەی ٣ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢١دا.
ساڵێ ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتیمانیان لە شار و گوندەکانی کوردستان واتە لە هەر چوار پارێزگاکەی کوردستانی ئێران، لەلایەن هیزە ئینتزامی و ئەمنییەتییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە بە هۆکار و بیانووی جۆراوجۆر بە بێ لەبەرچاوگرتنی یاسا و رێسا نێونەتەوەیەکان قۆڵبەست دەکرێن و بۆ ماوەیەکی زۆر لە گرتووخانە و بەندیخانەکاندا دەسبەسەر دەکرێن. زۆربەی هەرەزۆری ئەو کەسانە ئەو ماوە دوور و درێژە بە بێ بەهرەمەند بوون لە مافی وەکیل و دادگایەکی ئازاد و بێ لایەن و دادپەروەر دەسبەسەر دەکرێن و جاری وایە پەڕاویشیان لە ناوەندەکانی داد و قەزاییدا بۆ ناکەنەوە.
لێرەدا بە هەوڵی هاوکارانی بەشی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی "هانا"، ئامارێک لەو شارۆمەندانە ئامادە کراوە کە لە ماوەی ٣ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢١دا دەسبەسەر کراون.
جێگای ئاماژەیە هاوکارانی هانا لە ناوخۆی وڵات ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان داوە بۆ گوازتنەوە و ناردنی راپۆرتەکان بەڵام بە هۆی کەشی داخراو و ئەمنییەتی زاڵ بە سەر وڵاتدا لەوانەیە ئەم راپۆرتە نەتوانێ ئاماری هەموو دەسبەسەرکراوانی ئەم ٣ مانگەی سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ لە خۆ بگرێ.
ژمارەی دەسبەسەرکراوان بە پێی جۆری تۆمەتێک کە دراوەتە پاڵیان یا بواری چالاکییەکەیان بەم جۆرەی خوارەوەیە:
- ١٢١ کەس بە تۆمەتی سیاسی واتە (٪٨٧.٧)
- ٩ کەس بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی و کۆمەڵایەتی واتە (٪٦.٥)
- ٤ کەس بە تۆمەتی چالاکی مافی ژنان واتە (٪٢.٩)
- ٢ کەس بە تۆمەتی چالاکی ژینگە پارێزی (٪١.٤)
- ١ کەس بە تۆمەتی چالاکی لە بواری مافەکانی کرێکاراندا واتە (٪٠.٧)
- ١ کەس بە تۆمەتی چالاکی خوێندکاری و ئاکادێمی (٪٠.٧)
هەروەها لەو ١٣٨ کەسەی لەم ٣ مانگەدا دەسبەسەر کراون، بە پێی رەگەزیان ١٢٣ کەسیان نێرنە و پیاون و ١٥ کەسیان مێینە واتە ژنن.
بە پێی دابەش کردنی ئەو قۆڵبەستکراوانەی ئەم ٣ مانگەی ساڵی ٢٠٢١ لە سەر ئاستی پارێزگاکان، بەم جۆرەی خوارەوەیە:
- ٨١ کەس لە پارێزگای ورمێ
- ٤٩ کەس لە پارێزگای سنە
- ٨ کەس لە پارێزگای کرماشان
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا