ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا حاڵەتە تۆمارکراوەکانی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان لە ماوەی مانگی ژوئیەی ٢٠٢٦دا بڵاو دەکاتەوە. زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە مەیدانییەکان، گفتوگۆ لەگەڵ قوربانییان و بنەماڵەکانیان، پێداچوونەوە بە بەڵگەنامەکان و وەرگرتنی زانیاری لە سەرچاوە ئاگادارەکانەوە کۆکراونەتەوە. هەموو ئەم زانیارییانە پاش ڕاستیئازمایی لە ڕاپۆرتەکەدا بەکارهاتوون و تەنیا ئەو حاڵەتانە لەم ڕاپۆرتەدا هاتوون کە هانا دروستیی زانیارییەکانیانی پشتڕاست کردووەتەوە.
داتا تۆمارکراوەکانی ئەم مانگە بریتین لە دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، جێبەجێکردنی سزای سێدارە، تەقەکردن لە کۆڵبەران، مردن بەهۆی تەقینەوەی مین، ڕووداوە کوشندەکانی کار، خۆکوژی و ژنکوژی. بەشێک لەم حاڵەتانە دەرەنجامی کردەوەی ڕاستەوخۆی ناوەندە حکوومییەکانن و بەشێکی تریان دەرەنجامی کەمتەرخەمیی حکوومەتە لە لابردنی مەترسییە ناسراوەکان و پاراستنی هاووڵاتییان.
دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و زەوتکردنی مافی ئازادی
لە مانگی ژوئیەی ٢٠٢٦دا، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لانیکەم ٤٦ هاووڵاتیی کوردیان لە شار و ئاواییە جیاجیاکانی کوردستان دەستبەسەر کردووە. لە نێوان دەستبەسەرکراوەکاندا، ٦ کەسیان ژن و ٣ کەسیان لە چالاکانی ژینگەپارێز بوون. زۆربەی ئەم دەستبەسەرکردنانە بەبێ بانگکردنی فەرمی یان حوکمی دادوەری ئەنجام دراون.
هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی نەیاری کۆماری ئیسلامی، چالاکییە مەدەنی و پیشەیییەکان، چالاکیی میدیایی و بڵاوکردنەوەی بابەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لە هۆکارە سەرەکییەکانی دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییانە بوون.
دەستبەسەرکردنی کەسەکان بەبێ حوکمی دادوەری، بەبێ ڕاگەیاندنی ڕوونی تۆمەت و بەبێ دەستڕاگەیشتنی خێرا بە پارێزەر، نموونەیەکی دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و پێشێلکردنی مافی ئازادی و ئاسایشی کەسییە. ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بە گواستنەوەی هاووڵاتییان بۆ شوێنە نادیارەکانی دەستبەسەر، مافی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە یاساییبوونی دەستبەسەرکردن و دەستڕاگەیشتن بە دادرەسیی دادپەروەرانەیان لێ زەوت دەکەن.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ەوە تا کۆتاییی ژوئیە، هانا ناسنامە و زانیاریی ٦١١ کەسی دەستبەسەرکراوی تۆمار و ڕاستیئازمایی کردووە. زانیارییە کۆکراوەکان نیشانی دەدەن کە ژمارەی دەستبەسەرکردنەکان لەم ماوەیەدا لە ٨٠٠ حاڵەت تێپەڕی کردووە، بەڵام زانیاریی تەواوی هەموو حاڵەتەکان هێشتا بۆ تۆمارکردنی کۆتایی پشتڕاست نەکراونەتەوە. سێدارە و زەوتکردنی مافی ژیان
لە ژوئیەی ٢٠٢٦دا، لانیکەم ٦ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانە جیاجیاکاندا لەسێدارە دراون. دوو کەس بە تۆمەتی «بەغی»، یەک کەس لە پەیوەندی لەگەڵ تاوانەکانی ماددەی هۆشبەر و سێ کەسیش بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست لەسێدارە دراون.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ەوە تا کۆتاییی ژوئیە، لەسێدارەدانی لانیکەم ٥٢ هاووڵاتیی کورد لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا تۆمار کراوە.
سزای سێدارە، زەوتکردنی ئەنقەستی مافی ژیانە بە دەستی حکوومەت.کۆماری ئیسلامی بە بەردەوامیی جێبەجێکردنی ئەم سزایە، زەوتکردنی ژیان کردووەتە یەکێک لە ئامرازە جێگیرەکانی سیاسەتی سزایی و ئەمنیی خۆی.
جێبەجێکردنی سزای سێدارە لە دۆسیەکانی ماددەی هۆشبەردا لەگەڵ پێوەری سنوورداری «تاوانە هەرە جیدییەکان» ناگونجێت. بەکارهێنانی ناونیشانە ئەمنییەکانی وەک «بەغی» لە سیستەمێکی دادوەریی کە سەربەخۆ نییە، مەحکوومەکان دەخاتە بەر سزای زەوتکردنی ژیان لەسەر بنەمای پرۆسەگەلێک کە شەفافیەت و چاودێریی سەربەخۆیان تێدا نییە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جێبەجێکردنی سزای سێدارە بە پێشێلکاریی بنەڕەتیی مافی ژیان دەزانێت و بەردەوامبوونی ئەم سزایە شەرمەزار دەکات.
تەقەکردن لە کۆڵبەران و زەوتکردنی هەڕەمەکیی مافی ژیان
لە مانگی ژوئیەی ٢٠٢٦دا، لانیکەم ٦ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان گیانیان لەدەست داوە. بەپێی زانیارییە ڕاستیئازماییکراوەکانی هانا، زۆربەی ئەم کەسانە بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورپارێزەکانەوە کوژراون.
گواستنەوەی کاڵا، بەبێ ڕەچاوکردنی دۆخی یاساییی ئەو کردەوەیە، نابێتە مۆڵەت بۆ بەکارهێنانی چەکی گەرم و هێزی کوشندە. تەقەکردن لەو کۆڵبەرانەی کە هەڕەشەیەکی خێرایان بۆ سەر گیانی مەئموورەکان یان کەسانی تر دروست نەکردووە، زەوتکردنی هەڕەمەکیی مافی ژیانە.
هێزە سنوورپارێزەکان ئەرکدارن بەکارهێنانی چەک تەنیا بۆ حاڵەتە ناوازە و زۆر پێویستەکان سنووردار بکەن. دووبارەبوونەوەی تەقەی ڕاستەوخۆ لە کۆڵبەران نیشانی دەدات کە ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانە، لە جیاتی دەستبەسەرکردن، ئاگادارکردنەوە یان بەکارهێنانی ڕێکارە ناکوشندەکان، بووەتە ڕەفتارێکی بەردەوام لە ناوچە سنوورییەکاندا.
کۆڵبەری دەرەنجامی هەژاری، بێکاری و نەبوونی هەلی کاری بەردەوام لە ناوچە سنوورییەکاندا. حکوومەت، لە جیاتی لابردنی هۆکارە ئابوورییەکانی ئەم دیاردەیە، بە بەکارهێنانی چەک وەڵامی ئەو هاووڵاتییانە دەداتەوە کە بۆ دابینکردنی بژێوی ناچارن لە ڕێڕەوە مەترسیدارە سنوورییەکانەوە تێپەڕ ببن.
نەبوونی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ دەربارەی تەقەکردنەکان و پارێزبەندیی مەئموورەکان لە وەڵامدەرەوەبوون، زەمینەی دووبارەبوونەوەی ئەم کوشتنانەی فەراهەم کردووە. ئاسەوارەکانی جەنگ و مردن بەهۆی مینەوە
لە ژوئیەی ٢٠٢٦دا، هاووڵاتییەک بەهۆی تەقینەوەی مین لە کێوەکانی دەوروبەری سەقز گیانی لەدەست دا. مین و تەقەمەنییە بەجێماوەکانی جەنگ هێشتا وەک یەکێک لە هەڕەشە هەرە جیدییەکان بۆ سەر مافی ژیان و ئاسایشی دانیشتووانی کوردستان دەمێننەوە.
ئاسەوارەکانی جەنگ تەنیا لە کاتی ململانێکاندا سنووردار نەماونەتەوە؛ بەڵکوو دوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ، هێشتا هاتووچۆ، کار، کشتوکاڵ، مەڕداری و ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان لە ناوچە ئالوودەبووەکاندا لەگەڵ مەترسیی مەرگ و کەمئەندامی ڕووبەڕوو دەکاتەوە.
بەردەوامبوونی قوربانییانی مین، دەرەنجامی پاکسازیی ناتەواو، نیشانەکردنی کەموکوڕی ناوچە ئالوودەکان و نەبوونی بەرنامەی کاریگەری زانیاریبەخشینە. مردنی هاووڵاتییان بەهۆی مینەوە تەنیا پاشماوەی جەنگی ڕابردوو نییە، بەڵکوو دەرەنجامی بەردەوامیی کەمتەرخەمیی حکوومەتە لە لابردنی مەترسییەکی ناسراو و پێشبینیکراو.
حکوومەت ئەرکدارە ناوچە ئالوودەکان بناسێنێت و پاکیان بکاتەوە، ڕێگا مەترسیدارەکان دابخات، تابلۆی هۆشداری دابنێت و پاڵپشتیی دەرمانی و داراییی پێویست بۆ قوربانیان و بنەماڵەکانیان دابین بکات. مانەوەی ئاسەوارە کوشندەکانی جەنگ لە کوردستان، نموونەیەکی ڕوونی بێبەشکردنی درێژخایەنی هاووڵاتییانە لە مافی سوودمەندبوون لە ژینگەیەکی ئارام و مافی پاراستنی کاریگەر لە ژیان. ئاسەوارەکانی شەڕ و مردن بەهۆی مینەوە
لە ژوئیەی ٢٠٢٦دا، هاووڵاتییەک بەهۆی تەقینەوەی مین لە کێوەکانی دەوروبەری سەقز گیانی لەدەست دا. مین و تەقەمەنییە بەجێماوەکانی شەڕ هێشتا وەک یەکێک لە هەڕەشە هەرە جیدییەکان بۆ سەر مافی ژیان و ئاسایشی دانیشتووانی کوردستان دەمێننەوە.
ئاسەوارەکانی جەنگ تەنیا لە کاتی ململانێکاندا سنووردار نەماونەتەوە؛ بەڵکوو دوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ، هێشتا هاتووچۆ، کار، کشتوکاڵ، مەڕداری و ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان لە ناوچە ئالوودەبووەکاندا لەگەڵ مەترسیی مەرگ و کەمئەندامی ڕووبەڕوو دەکاتەوە.
بەردەوامبوونی قوربانییانی مین، دەرەنجامی پاکسازیی ناتەواو، نیشانەکردنی کەموکوڕی ناوچە ئالوودەکان و نەبوونی بەرنامەی کاریگەری زانیاریبەخشینە. مردنی هاووڵاتییان بەهۆی مینەوە تەنیا پاشماوەی جەنگی ڕابردوو نییە، بەڵکوو دەرەنجامی بەردەوامیی کەمتەرخەمیی حکوومەتە لە لابردنی مەترسییەکی ناسراو و پێشبینیکراو.
حکوومەت ئەرکدارە ناوچە ئالوودەکان بناسێنێت و پاکیان بکاتەوە، ڕێگا مەترسیدارەکان دابخات، تابلۆی هۆشداری دابنێت و پاڵپشتیی دەرمانی و داراییی پێویست بۆ قوربانیان و بنەماڵەکانیان دابین بکات. مانەوەی ئاسەوارە کوشندەکانی جەنگ لە کوردستان، نموونەیەکی ڕوونی بێبەشکردنی درێژخایەنی هاووڵاتییانە لە مافی سوودمەندبوون لە ژینگەیەکی ئارام و مافی پاراستنی کاریگەر لە ژیان. گیانلەدەستدانی کرێکاران لە ڕووداوەکانی کار
لە مانگی ژوئیەی ٢٠٢٦دا، لانیکەم ٣ کرێکار لە ئەنجامی ڕووداوەکانی پەیوەندیدار بە کار گیانیان لەدەست دا.
گیانلەدەستدانی کرێکاران بەهۆی نەبوونی کەرەستەی پاراستن، پەروەردەی ناتەواو و نەبوونی چاودێریی کاریگەر، ڕووداوێکی حەتمی و تێنەپەڕ نییە. ئئەم مردنانە پێویست نەبوون و ڕێگرییان لێ دەکرا و بە پێشێلکاریی مافی ژیان و مافی سوودمەندبوون لە مەرجی کاری ئیمن و تەندروست دادەنرێن.
خاوەنکاران بەرپرسن لە دابینکردنی کەرەستەی ئیمنی، فێرکردنی کرێکاران و لابردنی مەترسییەکانی ژینگەی کار. هەروەها، ناوەندە حکوومییەکان ئەرکیانە لە ڕێگەی پشکنینی بەردەوام، جێبەجێکردنی ڕێساکانی ئیمنی بپارێزن و چالاکیی یەکە مەترسیدارەکان ڕابگرن.
دووبارەبوونەوەی ڕووداوە مرگاوییەکانی کار نیشاندەری کەمتەرخەمیی هەندێک خاوەنکار و لاوازیی جیدیی چاودێریی حکوومییە. پێڕانەگەیشتن بە سەرپێچییە ئیمنییەکان، گیانی کرێکاران لە بەرانبەر بەرژەوەندییە ئابوورییەکان و کەمکردنەوەی تێچووەکانی خاوەنکاراندا بێبەرگری هێشتووەتەوە. خۆکوژی و بێبەشبوون لە خزمەتگوزارییە دەروونیی و کۆمەڵایەتییەکان
لە مانگی ژوئیەی ٢٠٢٦دا، لانیکەم ٤ حاڵەتی خۆکوژی لە کوردستان تۆمار کرا. دوو کەس لە گیانبەختکردووان ژن و دوو کەسیان پیاو بوون.
لێکۆڵینەوەکانی هانا نیشانی دەدەن کە کێشەی بژێوی، ناخۆشیی خێزانی، گوشارە دەروونییەکان و زیانە کۆمەڵایەتییەکان لەم حاڵەتانەدا ڕۆڵیان هەبووە. خۆکوژی ناتوانرێت تەنیا بە بڕیاری تاکەکەسی لێک بدرێتەوە.
هەژاری، بێکاری، توندوتیژیی خێزانی، گوشاری کۆمەڵایەتی، دەستڕاگەیشتنی سنووردار بە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستیی دەروونی و نەبوونی تۆڕە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، کەسانی لاواز لە بارودۆخە قەیراناوییەکاندا بەبێ پاڵپشت جێ دەهێڵن.
حکوومەت لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی تەندروستیی دەروونی، پاڵپشتی لە کەسانی ژێر مەترسی و دروستکردنی میکانیزمی دەستێوەردانی خێرا بەرپرسیارە.
بێبەشکردنی هاووڵاتییان لە خزمەتگوزارییە دەروونناسی و چاودێری و چارەسەریی دەروونی کە دەستڕاگەیشتن پێیان ئاسان و هەرزان بێت، قەیرانە تاکەکەسی و خێزانییەکان توندتر کردووە و دەرفەتی ڕێگریکردنی خێراتری کەم کردووەتەوە.
ژنکوژی و توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەز
لە مانگی ژوئیەی ٢٠٢٦دا، لانیکەم ٤ ژن بە دەستی هاوسەرەکانیان یان یەکێک لە ئەندامانی دەرجە یەکی بنەماڵەکانیان کوژراون. ئەم کوشتنانە نموونەی ژنکوژی و توندترین شێوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزن.
ژنکوژی زۆرجار کۆتایی پرۆسەیەکی بەردەوامە لە هەڕەشە، کۆنتڕۆڵ، توندوتیژیی جەستەیی و دەروونی و بێبەشکردنی ژن لە دەرفەتی چوونەدەرەوەی ئارام لە پەیوەندییە توندوتیژەکان.
پێکهاتەی یاساییی کۆماری ئیسلامی پاڵپشتییەکی کاریگەر لە ژنانی ژێر توندوتیژی ناکات. نەبوونی میکانیزمی خێرای پاڵپشتی، کەمیی خانە ئارامەکان (Safe Houses)، بێباکی بەرانبەر بە ڕاپۆرتەکانی توندوتیژیی خێزانی و نەبوونی پێڕاگەییشتنی ڕێگریکارانە، ژنان لە بەرانبەر توندوتیژییە کوشندەکاندا بێپەنا هێشتووەتەوە.
بەرپرسیارێتیی حکوومەت تەنیا لە سزادانی بکوژ دوای ڕوودانی تاوانەکە تەواو نابێت. ناوەندە ئینتیزامی، دادوەری و ناوەندە پاڵپشتییەکان ئەرکدارن هەڕەشە و توندوتیژییەکانی پێشوو بە جیدی وەربگرن، ژنەکە بۆ شوێنێکی پارێزراو بگوازنەوە و دەرفەتی دەستڕاگەیشتنی خێرا بە پاڵپشتیی دادوەری و شوێنی ئارامی بۆ فەراهەم بکەن.
خۆپاراستنی حکوومەت لە دروستکردنی سیستەمێکی پاڵپشتیی کاریگەر، ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆی لە بەردەوامبوونی ژنکوژی و توندوتیژیی خێزانیدا هەیە. دەرئەنجام
لە مانگی ژوئیەی ٢٠٢٦دا، مافی ژیان، مافی ئازادی و ئاسایشی کەسی، مافی دادرەسیی دادپەروەرانە، مافی سوودمەندبوون لە ژینگەی کاری ئیمن و مافی دەستڕاگەیشتن بە پاڵپشتییە کۆمەڵایەتی و دەرمانییەکان لە کوردستاندا بە شێوەیەکی بەردەوام پێشێل کراون.
دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی، جێبەجێکردنی سزای سێدارە و تەقەکردن لە کۆڵبەران دەرەنجامی کردەوە ڕاستەوخۆکانی ناوەندە حکوومییەکانن. مردن بەهۆی مین، ڕووداوەکانی کار، خۆکوژی و ژنکوژییش پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە کەمتەرخەمیی حکوومەتەوە هەیە لە پاکسازیی ناوچە ئالوودەکان، چاودێریی ئیمنیی کار، دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی دەروونی و پاڵپشتی لە ژنانی ژێر توندوتیژی.
ئەم حاڵەتانە ڕووداوگەلێکی دابڕاو و بێپەیوەندی نین. نەبوونی چاودێریی سەربەخۆ، پارێزبەندیی مەئموورەکان لە وەڵامدەرەوەبوون، لاوازیی میکانیزمە پاڵپشتییەکان و بێبەشکردنی قوربانیان لە دەستڕاگەیشتنی کاریگەر بە دادپەروەری، زەمینەی بەردەوامبوونی ئەم پێشێلکارییانەی فەراهەم کردووە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سیاسەت و کارکردنی کۆماری ئیسلامی لە زەوتکردنی مافی ژیان، دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکیی هاووڵاتییان، سەرکوتکردنی بژێویی دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان و خۆپاراستن لە دابینکردنی پاڵپشتیی کاریگەر بۆ توێژە لە مەترسیداکان، بە توندی شەرمەزار دەکات.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
بەکارهێنانی ئامار و زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە بە مەرجی ئاماژەدان بە سەرچاوەکە ڕێگەپێدراوە.
