بەپێی ڕاپۆرتەکان کە گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی گوڵانی ١٤٠٥، هاووڵاتییەک بە ناوی «پەیمان ڕەحمانپوور» خەڵکی گوندی «خوڕخوڕە» سەر بە شاری سەقز، بەهۆی تەقینەوەی مینی بەجێماوە لە سەردەمی شەڕدا، گیانی لەدەست داوە.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە لە بەرزاییەکانی دەوروبەری گوندی «خوڕخوڕە» تووشی ڕووداوی تەقینەوەی مین بووە و بەهۆی قورسیی برینەکانیەوە گیانی سپاردووە.
هەروەها ئەم سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کردووە کە تەرمەکەی بە مەبەستی ڕێکارە یاساییەکان گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی دادوەریی شاری سەقز.
جێگەی ئاماژەیە کە مین و تەقەمەنییە بەجێماوەکانی شەڕ هێشتا مەترسییەکی گەورەن بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیانی ناوچە سنووری و شاخاوییەکانی کوردستان و ساڵانە دەیان کەس لە خەڵکی سڤیل، لەوانە کۆڵبەران، جووتیاران و ئاژەڵداران، دەبنە قوربانیی ئەم تەقینەوانە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی بەرانبەر بە بەردەوامیی ئەم ڕووداوانە، جارێکی دیکە جەخت لەسەر پێویستیی خاوێنکردنەوەی بەپەلەی ناوچە مینڕێژکراوەکان و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی سڤیل دەکاتەوە.
