بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ڕۆژی هەینی ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ نسا عەلیزادە، کچی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی ئاوایی “کەلوانس”ی سەر بە شاری خۆی، لە دوای دژایەتیکردنی بنەماڵەکەی لەگەڵ بڕیاری بۆ هاوسەرگیری، بە دەستی باوکی خنکێنراوە و گیانی لەدەستداوە.
بەوتەی سەرچاوەکانی هانا، نسا چەند ڕۆژ پێش ئەم ڕووداوە بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا لەسەر پرسی هاوسەرگیری،ماڵی بەجێهێشتبوو. دواتر باوکی بە فێڵ گەڕاندوویەتیەوە بۆ ماڵەوە و پاشان کوشتوویەتی.
ناوبراو دوای گواستنەوەی تەرمی کچەکەی بۆ نەخۆشخانە هەوڵی داوە مردنەکەی وەک خۆکوژی نیشان بدات، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی هانا، شوێنەواری شینبوونەوە و لێدان لە ملیدا و ئەنجامەکانی توێکاریی تەرمەکە،ڕوودانی کوشتنەکەیان پشتڕاستکردووەتەوە. تەرمی نسا ڕۆژی ١٠ی خەزەڵوەر بە خاک سپێردرا.
ئەوەی لەم جۆرە دۆسیانەدا بە ناولێنانی نامووس پاساوی بۆ دەهێنرێتەوە،لە ڕاستیدا سەپاندنی دەسەڵاتە بەسەر ژیان و مافی هەڵبژاردنی ژنان و کچاندا.کوژرانی نسا عەلیزادە جارێکی دیکە پێویستیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی سەرچاوەگرتوو لە ڕەگەز و پێداچوونەوە بە ڕۆڵی ئەو یاسا و ڕێکارانەدا بیردەخاتەوە کە دەتوانن ببنە هۆی سووککردنی سزای باوک لە کاتی کوشتنی منداڵەکەیدا.
