کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی بانه بریندار بوو

بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١١ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی (١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە ناوچە سنوورییەکانی بانە تەقەیان لە دەستەیەک لە کۆڵبەران کردووە و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێکی گەنج بە سەختی بریندار بووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، «ناسیح خوداری» تەمەن ٢٨ ساڵ، خێزاندار و باوکی منداڵێک، بەهۆی بەرکەوتنی گوللە لە ناحیەی قاچییەوە بە سەختی بریندار بووە و دەستبەجێ بۆ نەخۆشخانەی سەڵاحەدینی ئەییووبی لە شاری بانە گواستراوەتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ بەرانبەر بە بەردەوامیی بەئامانجگرتنی کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکان، ئەم ڕووداوە لە چوارچێوەی پێشێلکردنی جیدیی مافە مرۆییەکان و نەبوونی پاڵپشتیی یاسایی بۆ کۆڵبەران لێک دەداتەوە.
ئەم ڕێکخراوە داوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی خێرا، سەربەخۆ و شەفاف دەربارەی ئەم ڕووداوە و وەڵامدەرەوەکردنی ئەنجامدەرانی بەپێی بنەماکانی مافی مرۆڤ و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دەکات.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین