کۆمیسەری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی کردەوە کە کۆماری ئیسلامی سێدارە بۆ دروستکردنی ترس و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان بەکاردەهێنێت

فۆلکەر تۆرک، کۆمیسەری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەئاگادارکردنەوە لە پەرەسەندن و زۆربوونی سێدارە و دەرکردنی سزای مردن لە ئێران، ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی سزای سێدارە بۆ دروستکردنی ترس لە کۆمەڵگا و سەرکوتکردنی ئۆپۆزیسیۆن و دژبەران بەکاردەهێنێت.

بەپێی وتەکانی تۆرک، لە مانگی مارسی ٢٠٢٦ەوە تا ئێستا، لانیکەم ٥٦ کەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ئاسایشی نەتەوەیی لە سێدارە دراون کە دۆسییەی ٢٧ کەسیان پەیوەندی بە خۆپیشاندانە گشتیەکانەوە بووە. زیاتر لە ١٠٠ کەسی دیکەش بە هەمان جۆرە تۆمەت لە مەترسی دەرکردن یان جێبەجێکردنی سزای سێدارە دان.

کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتی داوە کە هەندێک لەم سزایانە دوای دادگاییی خێرا و لەسەر بنەمای دانپێدانانەکانێک دەرچوون کە لە ژێر ئەشکەنجە یان مامەڵەی خراپ وەرگیراون. لە هەندێک دۆسیەدا، ماوەی نێوان دەستبەسەری، دادگایی و جێبەجێکردنی سزا تەنها چەند هەفتەیەک بووە.

کۆمیسەری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای وەستاندنی دەستبەجێی هەموو سزای سێدارەکانی کردووە. دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای مردن لە دۆسیە سیاسی و ئەمنییەکان، بە تایبەتی لە کاتی نەبوونی دادگایی دادپەروەرانە، دەتوانێت نموونەی سەندنەوەی سەرەڕۆیانەی مافی ژیان و بەکارهێنانی سزای مردن لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆ ترساندنی کۆمەڵگا بێت.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین